رووداو- هەولێر
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا رەتیدەكاتەوە بەناوی پەرلەمانتارانی كورد داوای لێبوردنی لە لیستی دەوڵەتی یاسا كردبێت لەسەر قسەكانی نەجیبە نەجیب كە داوای لە مالیكی كرد مووچە و بوودجەی كوردستان بنێرێت. موحسین سەعدوون دەڵێت لێپرسینەوە لە نەجیبە نەجیب دەكەین و مالیكی ئەو كەسە نییە تەنازولی بۆ بكەین.
رۆژی یەكی تەمووزی 2014، نەجیبە نەجیب، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق داوای لە مالیكی كرد مووچەی فەرمانبەران و بوودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەمەش كاردانەوەی تووندی لەلایەن پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات لێكەوتەوە و گرژی و شەڕە قسە لە نێوان پەرلەمانتارانی كورد و ئەو لیستە دروستبوو. دواتر چەند ماڵپەڕێكی عەرەبی هەواڵی پۆزشهێناوەی پەرلەمانتارانی كوردیان لە سەر زاری پەرلەمانتار موحسین سەعدوون بڵاوكردەوە سەبارەت بە رووداوەكە.
سەبارەت بەو داوایەی كە ئاراستەی مالیكی كرد، نەجیبە نەجیب بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیەنێ، ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێكردووە و ویژدانیشی ئاسوودەیە. لەبارەی ئەو هەواڵەی كە بڵاویشبووەتەوە، بە بۆچوونی خۆی هیچ هەڵەیەكی نەكردووە تاوەكو داوای لێبوردن لە پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بكات.
نەجیبە دەڵێت "داوای لێبوردنكردن لە پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا داوای لێبوردنە لە عەرەب، چونكە ئەوان بە شێوازێكی ناشیرین و سووكایەتی وەڵامی ئێمەیان دایەوە، من رەزامەندیم لە سەرۆكی كاتی پەرلەمانی خواست ئینجا دەستم بە قسەكردن كرد، پاشان من نوێنەری ئەو خەڵكەم و چەندین مانگە مووچەی ئەوان نەنێردراوە". ئەو جەختدەكاتەوە كە بەرپرسیاریەتی سەرشانی خۆی بەرامبەر دەنگدەران و خەڵكی كوردستان جێبەجێكردووە.
بە ڕای ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بە "جنێو و سووكایەتی و بێڕێزیكردن" وەڵامی پەرلەمانتارانی كوردیان داوەتەوە، "دەوڵەتی یاساو هەندێك لیستی دیكەش رای بەرامبەر و رای جیاواز قبوڵ ناكەن، بۆیە هەر كاتێك قسەی حەق و راستی ببیستن بەو شێوازە نادیموكراسییە وەڵامی دەدەنەوە".
هاوكات موحسین سەعدوون، پەرلەمانتارنی پارتی قسەكانی نەجیبە نەجیب بە شتێكی شەخسی و دوور لە بڕیاری حیزبەكەی دەزانێت. ئەو بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رەتیدەكاتەوە داوای لێبووردنی بەناوی پەرلەمانتارانی كورد لە دەوڵەتى یاسا كردبێت و دەڵێ "لێدوانی لەو جۆرەم نەداوە، بەڵام ئەو رۆژە بە نەجیبەمان گوت قسە نەكات و هیچ داوایەكیش لە مالیكی نەكات، چونكە مالیكی ئەو كەسە نییە ئێمە تەنازولی بۆ بكەین، جگە لەمە مالییكی هیچی بە دەست نییە، چونكە حكومەتەكە بۆتە كاربەڕێكەر، ئێمە موحتاجی مالیكی نین تا داوای خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی لێ بكەین، ئێمە پشت ئەستوورین بە گەلی خۆمان و بڕیارەكەی دادگای ئیتیحادی بە دەستووری بوونی هەناردەكردنی نەوت گەورەترین سەركەوتنە".
بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان لێپرسینەوە لە نەجیبە نەجیب بكات، لەمبارەیەوە سەعدوون دەڵێت "هەفتەی داهاتوو وەك كوتلەی پارتی لێپرسینەوە لە نەجیبە نەجیب دەكەین، چونكە كاك خەسرۆ گۆران، سەرۆكی كوتلەی پارتی و ئێمەش پێمان گوت كە قسە نەكات و هیچ داوایەك لە مالیكی نەكات، بەڵام ئەو سووربوو و قسەكانی خۆی هەر كردن، ئەمەش هەڵسوكەوتێكی شەخسییە بۆیە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكەین".



