عێراق لە شەش مانگی ئەمساڵدا 34 بیری نوێی نەوتی هەڵکەندووە

04-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 86 بیری نەوتیان هەڵکەندووە یان چاکسازییان تێدا کردوون. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش دەڵێت، لەو ژمارەیە 34 بیری نوێیان هەڵکەندووە.
 
رۆژی سێشەممە 04-07-2023 کۆمپانیای هەڵکەندن کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی ئەو بیرە نەوتییانەی ئاشکرا کرد کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵیکەندوون و چاکسازیی تێدا کردوون؛ لەوبارەیەوە ئەندازیار خالید حەمزە عەباس رایگەیاندووە، "کارمەندانی هونەری و ئەندازیاریی کۆمپانیاکەمان لە شەش مانگی ئەمساڵدا 34 بیری نوێیان هەڵکەندووە و چاکسازیشیان لە 52 بیردا کردووە."
 
کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە، ئەو کارانە لە 10 پڕۆژەدا کراون، کە لەژێر کارکردندان و لە کێڵگەکانی باکوور و ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە داوە، کۆمپانیاکەیان هەڵکەندنی بیری نەوتیی MJ -152ی بە قووڵیی 3079 مەتر تەواو کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی گرێبەستی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ هەڵکەندنی 43 بیری نەوتی لە کێڵگەی نەوتی مەجنوون بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای (Halliburton) بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە نەوتییەکان بووە.
 
بەپێی کۆمپانیاکە، هەڵکەندنی بیرەکان بە ئامێری نوێی (IDC - 56) بووە، کە هێزی دوو هەزار ئەسپیان هەیە و ئەوە 24ەم بیرە کە کۆمپانیاکە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا هەڵیدەکەنێت.
 
کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی، یەکێکە لە کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و لە ساڵی 1990 دامەزراوە، ئەرکی بریتییە لە هەڵکەندنی بیرەکانی نەوت و چاکسازی تێیاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە