رووداو دیجیتاڵ
ساڵ بە ساڵ کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە کاریگەریی زیاتر دەخاتە سەر عێراق، بە جۆرێک کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، "نزیکەی سەدەیەکە وشکەساڵیی وامان نەبووە."
ئێستا کاریگەرییەکان لەم چەند رووەوە دەرکەوتوون، ئاوی سەرزەوی و سامانی دەریایی، ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ، ژینگە و بەبیابانبوون.
لیژنەیەکی پەرلەمان: بەبیابانبوون 20 ناوچەی عێراقی گرتووەتەوە
لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی دەڵێت، "قەیرانی بەبیابانبوون زیاتر لە 20 ناوچەی عێراقی گرتووەتەوە." هاوکات جەختی لە پێویستیی گرتنەبەری ستراتیژییەتێکی نیشتمانیی گشتگیر کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ژینگەییە "مەترسیدارە."
سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەکە بە رووداوی گوت، "گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراقدا بە یەکێک لە کاریگەرترینەکان دادەنرێت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبارانی، هاوشان لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاو لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەهۆی کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە."
جبووری گوتی، "عێراق بە یەکێک لە زیانلێکەوتووترین وڵاتانی ناوچەکە دادەنرێت بەهۆی وشکەساڵییەوە، کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خاک و رووەک کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی روون لەسەر بڵاوبوونەوەی بەبیابانبوون لە زیاتر لە 20 ناوچەدا."
بەپێی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی وشکەساڵی، پێویستە ستراتیژییەتێکی نیشتمانیی گشتگیر بگیرێتەبەر و پشتێنەی سەوزی شارەکان ببووژێندرێتەوە یاخود دروستبکرێت، چونکە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دابەزاندنی پلەی گەرما و کەمکردنەوەی زریانی خۆڵبارین و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی.
ئەو ناوچانەی عێراق و باشووری کوردستان کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە
1. ناوچەکانی باشوور (بەسرە، زیقار، موسەننا و میسان)
ئەم ناوچانە بە "کارەساتبارترین" دادەنرێن لەڕووی وشکەساڵییەوە لەبەر چەند هۆکارێک:
کۆتایی رێڕەوی رووبارەکانن: دەکەونە خوارووی رووبارەکانی دیجلە و فورات، بۆیە هەر کەمبوونەوەیەکی ئاو لە سەرچاوەکانەوە (تورکیا و ئێران) راستەوخۆ کاریگەریی لەسەریان دەبێت.
زۆنگاوەکان: زۆنگاوەکانی میسان و زیقار (حەویزە و هەممار) کە جاران یەکێک بوون لە دەوڵەمەندترین سیستمە ژینگەییە ئاوییەکانی جیهان، ئێستا رووبەڕووی وشکبوونەوەی تەواوەتی بوونەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی لەنێوچوونی سامانی ماسی و ئاژەڵداری (بەتایبەت گامێش) و کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانەکەیان.
سوێربوونی ئاو: لە پارێزگای بەسرە، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی شیرینی دیجلە و فورات، ئاوی سوێری کەنداو تێکەڵی شەتولعەرەب بووە. ئەمەش وایکردووە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ بە تەواوی پیس بێت.
2. ناوچەکانی ناوەڕاست و حەوزی فوراتی ناوەڕاست (بابل، کەربەلا، نەجەف، قادسیە و بەشێکی ئەنبار)
ئەم ناوچانە بە پشتێنەی کشتوکاڵی عێراق ناسراون، بەڵام ئێستا بە زیانی زۆریان بەرکەوتووە:
پشت بەستن بە رووباری فورات: رووباری فورات زۆر زیاتر لە دیجلە کاریگەریی بەنداوەکانی تورکیا و سووریای لەسەرە. دابەزینی ئاستی ئاو لەم رووبارەدا بووەتە هۆی وشکبوونی هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی و لەناوچوونی باخەکانی خورما و میوە.
تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان: ژمارەیەکی زۆر لە جوتیاران وازیان لە کشتوکاڵ هێناوە و ناوچە سەوزاییەکان بەرەو بیابانبوون دەچن.
3. پارێزگای دیالە
دیالە دۆخێکی تایبەتی هەیە، چونکە پشتی بەو رووبارانە بەستووە کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن (رووباری سیروان و ئەڵوەن).
گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە: ئێران بە دروستکردنی چەندین بەنداو، رێڕەوی ئەو ئاوانەی گۆڕیوە و بەردانەوەی بۆ عێراق بە تەواوی کەم کردووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی وشکبوونی بەشێکی سیروان و لە زۆربەی وەرزەکاندا و زیانێکی گەورەی بە کشتوکاڵ و باخەکانی پرتەقاڵی دیالە گەیاندووە.
4. ناوچە بیابانییەکانی رۆژئاوا (بەتایبەت پارێزگای ئەنبار)
ئەم ناوچانە لە بنەڕەتدا کەشوهەوایەکی وشکیان هەیە، بەڵام وشکەساڵی دۆخەکەیان سەختتر کردووە و کاریگەری لەسەر کانی و سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان داناوە کە ژیانی خێڵە کۆچەرییەکان و دانیشتووانی گوندەکانی لەسەرە.
5. هەرێمی کوردستان
هەرچەندە دۆخی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە باشوور باشترە؛ بەهۆی بوونی باران و چەندین رووباری نێوخۆیی، بەڵام وشکەساڵی کاریگەریی بەرچاوی هەبووە:
کەمبوونەوەی بارانبارین: بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە کشتوکاڵی دێمی کە بەشێکی گەورەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.
دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکان: ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە.
وشکبوونی کانیاو و چەمەکان: زۆربەی کانیاو، چەم و رووبارە بچووکەکان وشکیان کردووە، کە کاریگەری لەسەر گوندەکان و ئاژەڵداری داناوە.
عێراق پێنجەمین وڵاتی کاریگەرە بە گۆڕانی کەش و هەوا
فازڵ غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژییە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئەو لەبارەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: سێ ساڵی رابردوو (2022 و 2023 و 2024) عێراق تووشی گۆڕانکارییەکی بێ پێشینەی کەشوهەوای بووەتەوە، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتەکانی ئابووری، کشتوکاڵ و وزە هەبووە و بووەتە هۆی شەپۆلی ئاوارەبوون، هەژاری و تێکچوونێکی ژینگەیی مەترسیدار.
غەراوی لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە، 3ی ئاب بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، "قەیرانەکە چیدیکە تەنیا ژینگەیی نییە، بەڵکو بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی."
روونیکردەوە، "عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی دیاردەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پلەی پێنجەمی لە جیهاندا گرتووە، بەجۆرێک پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور لە هاوینی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025دا 50 پلەی سەدی تێپەڕاندووە، هاوکات بەرزترین رێژەی وشکەساڵی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا تۆمارکراوە."
دیجلە و فورات 30% - 40% کەمیانکردووە
سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت، "تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما گەیشتووەتە 0.48 پلەی سەدی بۆ هەر دەیەیەک، کە نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای جیهانییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کارەساتێکی ژینگەیی هەمیشەیی."
روونیکردەوە، "ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بە رێژەی 30% - 40% کەمیکردووە بەراورد بە تێکڕای ئاسایی، ئەمەش بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی زۆر لە سەرچاوە ئاوییەکان، خێرابوونی بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی رێژەی بەهەڵمبوون، کە راستەوخۆ رەنگیداوەتەوە سەر بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراک."
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئاب غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان لەبارەی گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات، بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیایان کردووە و لە سلێمانیش سەردانی کۆنسووڵی ئێرانیان کردووە. "بەدەمەوەهاتنی باشیان هەبووە."
غەریب ئەحمەد گوتی، "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی سەرزەوی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لای خۆیەوە هەوڵی جیدیی دەدات."
ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی دەبێتە بیابان
غەراوی دەڵێت، کەرتی کشتوکاڵ زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمئاوییەوە. "ساڵی 2022 گەنم 37% و جۆ 30% کەمیکرد. لە کاتێکدا کۆی بەرهەم لە هەندێک ناوچەدا 50% دابەزی. لە ساڵی 2023دا، نیوەی جووتیاران ناچاربوون رووبەرە چێنراوەکان کەمبکەنەوە یان بڕێکی کەمتر ئاو بەکاربهێنن. بەڵام لە ساڵی 2024دا، 71%ی زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی وشکبوونی تەواوەتییەوە، هاوکات ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار دۆنم لە زەویی شیاو بۆ کشتوکاڵ بەهۆی بەبیابانبوونەوە لەدەست دەچێت."
لە دوو ساڵدا 130 هەزار کەس بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کۆچیان کردووە
بەپێی راپۆرتەکەی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، "گۆڕانی کەش و هەوا، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە لادێوە بۆ شارەکان، کە بەهۆی کەمئاوی و تێکچوونی بەرهەمەوە، سەرچاوەی بژێوییان لەدەستداوە."
لە یەک ساڵدا 40%ی جووتیاران وازیان هێناوە
غەراوی، ئامارێکی مەترسیدار لەبارەی جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ بڵاودەکاتەوە، "لە ساڵانی 2022 و 2023دا لانیکەم 130 هەزار کەس لە ناوخۆدا ئاوارە بوون، نزیکەی 40%ی جووتیاران لە ساڵی 2024دا بە تەواوی وازیان لە کشتوکاڵ هێناوە و زیاتر لە 80%ی ئەو خێزانە لادێییە زیانلێکەوتووانە پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان یان قەرزی خۆراک دەبەستن."
لە 9 ساڵدا ژمارەی گامێشەکان بۆ نزیکەی نیوە کەمیان کردووە
"کەرتی ئاژەڵداری، بەتایبەتی بەخێوکردنی گامێش، زۆرترین کاریگەریی لەسەرە، چونکە وشکەساڵی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی سەر گامێش لە 150 هەزار سەر لە ساڵی 2015ەوە بۆ کەمتر لە 65 هەزار سەر لە ساڵی 2024دا. هەروەها بەخێوکردنی مەڕ و مانگاش پاشەکشەی کردووە بەهۆی تێکچوونی لەوەڕگەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ئالیک، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەبەتەی خۆراکی نیشتمانی هەبووە،" ئەمەش بە گوتەی غەراوی.
سەختترین ساڵ و دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین
عێراق هەوڵە دیپلۆماسی و تەکنیکییەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی کەمئاوی، کە بووەتە قەیرانێکی راستەقینە بۆ ملیۆنان هاووڵاتی. ئەمەش لە رێگەی بەردەوامبوون لە گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا بۆ دابەشکردنی زیانەکان، هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکان لەبارەی دابەزینی یەدەگی ئاوی نیشتمانی بۆ کەمتر لە 8 ملیار مەتر سێجا، کە نزمترین ئاستە لە دەیان ساڵی رابردوودا.
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فەرمیی عێراق (واع)، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "ساڵی 2025 بە یەکێک لە سەخترین ساڵەکان دادەنرێت کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لەڕووی ئاوەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی سەرچاوەوە، لە سەرووی هەموویانەوە تورکیا، سەرباری زیادبوونی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی دیاردەی وشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا."
عەون زیاب گوتیشی: "پێدەچێت لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا باران ببارێت، هاوکات لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما لە مانگی ئەیلوولدا، کە ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بەهەڵمبوون و باشترکردنی توانای گلدانەوەی ئاو. کشتوکاڵی دێمی و بەراو لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا بە تەواوی نامێنێت، بەهۆی نەبوونی بەردانەوەی ئاوی پێویست."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ