پارێزگاری نەینەوا بۆ رووداو: کەمترین پێشێلکاری بانگەشە لە پارێزگاکە تۆمارکراوە

04-11-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەینەوا لەدوای بەغدا دووەم زۆرترین کورسی و بەربژێری هەیە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، پارێزگاری نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، "کەمترین پێشێلکاری بانگەشە لە پارێزگاکە تۆمارکراوە.
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بە کاوە عومەر، پەیامنێری رووداوی لە نەینەوا راگەیاند: "عێراق وڵاتێکی دیموکراسییە، پێویستە باوەڕمان بە پڕۆسەی سیاسی هەبێت، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکدێت."
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، "نووسینگەی نەینەوای کۆمیسیۆن ئەزموون و توانای تەکنیکی و کارگێڕی هەیە، هەروەها پاڵپشتییەکی راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی خۆجێی هەیە، بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە نەینەوا."
 
بە بڕوای عەبدولقادر دەخیل:"نەینەوا لە هەموو شتێک و تەنانەت لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنیشدا نایاب دەبێت، جا چ لە دەنگدانی تایبەت بێت یان گشتی."
 
لەبارەی پێشێلکارییەکانی بانگەشە لە نەینەوا، پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکە: "سەرەڕای زۆریی حیزب و فرەیی پێکهاتەکان، نەینەوا کەمترین رێژەی پێشێلکاری تێدا تۆمار کراوە. دەتوانین بڵێین کە رکابەری لە بانگەشەی هەڵبژاردن هەیە و بەڵام ئەوەش لە سنووری خۆیدایە."
 
بە گوتەی پارێزگاری نەینەوا، هەموو حیزبەکان رەچاوی دۆخەکە دەکەن "لەکۆتاییدا حیزبەکان هەرچەند بن، ئەوان خەڵکی نەینەوان."
 
بۆ پەرلەمانی عێراق، نەینەوا 34 کورسیی گشتی و سێ کورسیی کۆتای بۆ پەرلەمانی عێراق هەیە، کە کورسییە کۆتاکان بەسەر کریستیان، ئێزدی و شەبەک دابەش بوون.
 
19 حیزب و هاوپەیمانی و 13 بەربژێری سەربەخۆ رکابەری لەسەر ئەو 34 کورسییەی نەینەوا دەکەن، بە کۆی گشتی 1047 بەربژێر رکابەری لەسەر کورسییەکانی بازنەی نەینەوا دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداری لە فێڵکردنی ئەلیکترۆنی دەدات

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی فێڵکردنی دارایی ئەلیکترۆنی دەدات و دەڵێت، لە کەرکووک و دیالە چەندین تۆمەتباریان دەستگیرکردووە سەتان ماستەرکارد و سیمکارتیان پێبووە.