رووداو دیجیتاڵ
دادگە بانگهێشتى پارێزگارى پێشووترى نەینەوا و 10 بەرپرسی دیکەى پارێزگاکەی کردووە. بە سەرپێچیکردن لە گرێبەستێکى وەبەرهێنان بۆ نۆژەنکردنەوەى هۆتێلێکى کۆنى نەینەوا کە بەهۆیەوە 41 ملیۆن دۆلار و سێ ملیار دینار بە هەدەر دراوە تۆمەتبارکراون.
دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى لێکۆڵینەوەى دووى کەرخى بەغدا، فەرمانیداوە بە بانگکردنى 10 بەرپرسی دەستەکانى گەشتوگوزار و ئاسەوار و کەلەپوورى نەینەوا و پارێزگارى پێشووترى شارەکە بەهۆى بوونى سەرپێچى لە گرێبەستى وەبەرهێنانى تایبەت بە هۆتیڵ ئۆپورى لەو شارە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو سەرپێچیانەى گرێبەستەکە، زیانى 41 ملیۆن و 346 هەزار دۆلارى بە سامانی گشتى گەیاندووە، کە وەک تێکڕاى داهاتى مانەوە لە ژوورەکانى هۆتێلەکە هەژمارکراوە، ئەوە جگە لە زیانگەیاندن بە مووچە و شایستەى دارایی خانەنشینى کارمەندەکانیان، کە بە سێ ملیار و 373 ملیۆن و 323 هەزار دینار مەزەندە کراوە.
بەرپرسێکى پێشووى پارێزگاى نەینەوا کە لەبەر هەستیارى پرسەکە نەیوست ناوى بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو هۆتێلە کۆنە و گرێبەستەکە بۆ نۆژەنکرنەوەی بووە، بەڵام وردەکاریى گرێبەستەکە زیاتر لە بەرژەوەندى وەبەرهێنەرەکە بووە نەک حکومەت."
ئەو بەرپرسە گوتیشى: "دوو کەس لەوانەى کە فەرمانى بانگهێشتکردنیان بۆ دەرکراوە، پێشتر فەرمانى دەستگیرکردنیان هەبووە کە وەبەرهێنن و ئەو گرێبەستە لە سەردەمى دەسەڵاتى نەوفەل عاگوب، پارێزگارى پێشووترى نەینەوا کراوە".
بەگوێرەى دەستەى دەستپاکى عێراق لە دۆسیەى گرێبەستەکەى هۆتێل ئۆپورى، جگە لە پارێزگارى پێشووى نەینەوا، فەرمانى بانگکردن بۆ بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی دەستەى گشتیى ئاسەوار و کەلەپوورى نەینەوا و خانەى جلوبەرگى عێراقى دەرکراوە، هەروەها هەمان رێکار بەرامبەر بە بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی و بەڕێوەبەرى پێشووى ژمێریارى و بەرپرسی هۆبەى سندووقى دەستەى گەشتوگوزار و دوو ئەندامى لێژنەى وەبەرهێنانى نەینەوا و دوو ئەندازیارى ئەو دەستەیە گیراوەتەبەر.
هۆتێڵ ئۆپورى سەر بە دەستەى گشتیى گەشتوگوزارى نەینەوایە و لە ساڵى 1984 دروستکراوە، لە بەشى چەپى شارى موسڵە لەسەر رووبارى دیجلە و 11 نهۆم و 262 ژوورە .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ