سوودانی 'قسەی ناخۆشی' لەبارەی مووچە و بودجە کردووە

دوێنێ کاژێر 08:47
هیوا جەمال
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەندی زانیاری نوێی درکاندووە، بەشێک لە قسەکانیشی بۆ مووچەخۆران "ناخۆش بوون". هەروەها بڕیاری لەبارەی نەوتی هەڵەبجە، هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ و گەڕاندنەوەی کۆچبەران داوە. 
 
شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەغدایە، دوێنێ کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان کردووە، ئەمڕۆش هەر لەوی دەبن و کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکەن. 
 
شاندەکە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی سیاسی چووە، بەتایبەت بۆ بەدەستهێنانی زۆترین رەزامەنی پەرلەمانی بۆ د. موسەننا ئەمین کە بەربژێری کۆمەڵ، یەکگرتوو و هەڵوێستە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
 
ئەو شاندە بە سەرۆکایەتیی. د. هادی عەلی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەغدایە.
 
شاندەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، کۆبووەتەوە، لەبارەی کۆمەڵێک بابەت قسەیان کردووە، یەک لەوانە شایستە داراییەکانی هەریمی کوردستان و مووچەی مانگەکانی 11 و 12، مافی جووتیاران و نەوتی هەڵەبجە و قەرەبووی چەمچەماڵ و گەڕانەوەی کۆچبەران لە لیبیا.
 
لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی بە شاندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی راگەیاندووە، لە 3 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 18 تریلیۆن دینار زیاتر لە مافی شایستەی هەرێمی کوردستان نێردراوە، تەنانەت ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەندێکجار لە یاسا لایانداوە، چونکە زانیویانە خەڵکی کوردستان مەزڵوومە و لەبێ مووچەییدا دەناڵێنێت.
 
سوودانی بە شاندەکەی گوتووە، بەپێی راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، کەچی هەرێمی کوردستان داهاتی ئەو دوو مانگەی (11 و 12) رادەست نەکردووە.
 
لەبارەی چارەسەری کێشەکەش، سوودانی باسی لەوە کردووە بودجەی 2023، 2024 و 2025 قوفڵ بووە و حکومەتیش ئێستا کاربەڕێکەرە، بۆیە چارەسەری ئەو دوو مووچەیە دەبێت بکەوێتە نێو بودجەی ساڵی 2026.
 
د. موسەننا ئەمین کە خۆی لە کۆبوونەوەکە بوو، بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، بۆ ئەوەی مووچەی ئەو دوو مانگەی ساڵی 2025 نەفەوتێت، دەبێت لایەنە کوردییەکان (وەک پارتی و یەکێتی) لە دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا ئەمە بکەنە مەرج و لە بودجەی 2026 جێگیر بکرێت. (بۆ نموونە مانگانە 20%ی بۆ خەرج بکرێت تاوەکو تەواو دەبێت).
 
 
د. موسەننا جەختی کردەوە کە ئەوە پێشنیازی خۆی بووە نەک قسەی سوودانی.
 
دوێنێش لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران هەندێ لە پەرلەمانتارانی کورد داوایانکرد حکومەتی عێراق مووچەی مانگەکانی 11 و 12 خەرج بکات، تەنانەت پەرلەمانتارێک داوایکرد وەزیری دارایی عێراق لەوبارەیەوە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت، بەڵام ئەم پەرلەمانە مافی لێپرسینەوەی لەم وەزیرەی ئێستا نییە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال، بڕیارە شەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەران بەتایبەت لەبارەی داهاتی نانەوتی عێراق کۆببێتەوە و گفتوگۆی ئەم بابەتە بکات.
 
شایستەی دارایی جووتیاران و هاوکارییەکانی چەمچەماڵ
 
د. موسەننا ئەمین بە وردی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ رووداو باسکرد، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بابەتی دیکەیان باسکردووە، یەکێک لەو بابەتانە، خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە. سوودانی پێی گوتوون، شایستەکانیان نافەوتێت و خەرجی دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی کێشەی داراییان هەیە دەبێت پێخۆریی بە سیولەوە بکەن و هەر جارێک هەندێکیان بۆ خەرج بکەن. 
 
بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانیان، بڕیاری ناردنی ئەو هاوکارییەیە کە بۆ چەمچەماڵ بەڵێنی دابوو، پێشتر سوودانی بەڵێنی دابوو بڕی 3 ملیار دینار وەک قەرەبوو بنێرێت بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووە. 
 
د. موسەننا دەڵێت، پێی گوتوون بە نووسینگەکەی دەڵێت لە ئەمڕۆوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسە بکەن بۆ ئەوەی رێوشوێنەکان جێبەجێ بکەن.
 
سوودانی هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بەڵێنی داوە کە ئەو 30 هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ هەڵەبجە تەرخانکراوە، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکە باسکراوە، ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەیە کە لە لیبیا دەستبەسەر کراون. موسەننا ئەمین داوای لە سوودانی کردووە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ ئەوانە بنێردرێت و بگەڕێندرێنەوە، هەر لەوێدا و دەستبەجێ سوودانی رەزامەندی لەسەر داواکەی دەربڕیوە.
 
بابەتێکی دیکە هەیە کە ئەمەیان هەندێک هەواڵەکەی ناخۆشە، چونکە رەنگە کێشە و گرفت بۆ مووچەی مانگی 1 و مانگەکانی داهاتوو دروست بکات، ئەویش ئەوەیە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە ئەم ساڵدا کار بەو شرۆڤەیە بکات کە ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردبووی، ئەویش چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانە.
 
بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت وابوو کە لەسەر بنەمای هەردوو یاسای بودجەی گشتی و کارگێڕی دارایی، دەبێت رسوومات و باجی گومرگ، کرێی موڵکی دەوڵەت و فرۆشتنی بە تەواوی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکرێ، بەڵام داهاتەکانی دیکەی دەروازە سنوورییەکان جگە لە گومرگ 50%ی بۆ هەرێمی کوردستان بێ؛ هەروەها 100%ی داهاتە نێوخۆییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی کە بەگوێرەی یاسا خۆجێییەکان دیاریکراون، بۆ هەرێمی کوردستان دەبێ، داهاتە فیدراڵییەکانیش بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە.
 
ئەمە بابەتێکی پڕ کێشەیە، چونکە هەرێمی کوردستان رازی نەبوو بەو شرۆڤەیەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کردبووی، سوودانی گوتوویەتی ئەو سێ مانگەی رابردوو چاومان لەم بابەتە پۆشیوە، بەڵام لە ئەم ساڵەوە دەبێت ئەوە جێبەجێ بکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە