رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بارەگاکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەلاحەدین بۆردوومان کراون و تاوەکو ئێستا زیانەکانی بۆردوومانەکە نەزانراون.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 06-04-2026، پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی "حلێوە" لە سنووری قەزای خورماتوو بۆردوومانکرا. هاوکات لە قەزای حەزەر لە پارێزگای نەینەوا، بارەگایەکی دیکەی ئەو هێزانە کرایە ئامانج.
شەوی رابردووش بارەگاکانی لیوای دیکەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەلاحەدین کرانە ئامانج، ئەوانیش بارەگایەکی لیوای 52ی حەشدی شەعبی لە گوندی "پارەپارە" لە سنووری قەزای خورماتوو. ئەم لیوایە سەر بە رێکخراوی بەدرە و لەلایەن مەهدی تەقی ئامرلییەوە فەرماندەیی دەکرێت.
هەروەها بارەگای لیوای 31ی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری قەزای بێجی بۆردوومانکرا. ئەم لیوایە سەر بە گرووپی "ریسالیوون"ـە، کە عەدنان شەحمانی ئەمینداری گشتییەتی.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردوو، نزیکەی 90 جار بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بۆردوومان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ