چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تاوتوێ دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەم شەو دووشەممە 6ی نیسان هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە. گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت، "تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکرێ و بەربژێری سەرۆکوەزیرانیش لە دوو هەفتەی داهاتوودا یەکلایی دەکرێتەوە."
 
دووشەممە 6ی نیسانی 2026 عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم شەو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە. یەکێک لە پرسەکان هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە و ئەو وادەیەی دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنەکە، دوا بڕیارە."
 
پەرلەمانی عێراق 11ی نیسانی دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. یەکێتی و پارتی بەجیا بەربژێریان بۆ ئەو پۆستە هەیە و لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتوون.
 
عەقیل ردێنى رایگەیاند، بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیە، ئەگەر یەکێتی و پارتی لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەون، پەرلەمانتارانیان سەرپشک دەکەن لەوەی لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگ بە کام لەو دوو بەربژێرە دەدەن.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی هەیە و خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنە.
 
 ئەو هاوپەیمانییەتییە شیعەیە نووری مالیکی، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاساى دیاریکردووە وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام بەهۆی ڤیتۆی ئیدارەی ئەمریکا لەسەری، لەنێو ئەو هاوپەیمانێتییە دوودڵى لە بەربژێرکردنى دروست بووە .
 
عەقیل ردێنی رایگەیاند، لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وا باس کراوە کە لە دوو هەفتەدا پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی دەستوور، لە دوای هەڵبژاردنی، سەرۆککۆمار 15 رۆژی لەبەردەستە بۆ راسپاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە