رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواناکەوێت و لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە ئەنجام دەدرێت.
رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پازدەهەمین دانیشتنی خۆی لە خوولی شەشەمی هەڵبژاردن بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی ئەنجامدا. لە راگەیێندراوی پەرلەماندا هاتووە لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، حەلبووسی رایگەیاندووە، "پەرلەمان سوورە لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە کاتی خۆیدا."
پەرلەمانی عێراق 11ی نیسانی دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. یەکێتی و پارتی بەجیا بەربژێریان بۆ ئەو پۆستە هەیە و لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتوون.
هەیبەت حەلبووسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی لە دانیشتنەکاندا ئامادە نابن، بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
تەواوکردنی ئەندامێتی لیژنە هەمیشەییەکان
پەرلەمان دەنگی لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی چەند لیژنەیەک دا، لەوانە:
- لیژنەی کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان و ژینگە: ئەندامانی بریتین لە "ئیحسان تەعبان، عەبدولهادی حەسناوی، فالح خەزعەلی، موحسین مەندەلاوی، پارێز ئیسماعیل، ئەحلام رەمەزان و ئەزهەر حەمید."
- لیژنەی کارەبا و وزە: ئەندامانی بریتین لە "رەحیمە حەسەن، عەبدولمونعیم فارس، حەسەن وریۆش، سەعد شاکر، زەهرا لوقمان، ریاز عەدنان، وەفا حوسێن، ئەحمەد رەشید، فەلاح سەعید، وەلید خالد، هیند عەباسی، نوور جحێشی، هەڵات سەلمان و هیوا ئادەم."
- لیژنەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی: ئەندامانی بریتین لە "حوسێن بەتات، ئەحمەد موسەوی، حەبیب حەلاوی، کاوە میرۆ و براکۆ شێرکۆ فاتیح."
پەرلەمان دەنگی دا لەسەر گۆڕینی ناوی "لیژنەی تەندروستی" بۆ "لیژنەی تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان".
گۆڕانکاری لە ئەندامێتی پەرلەمانتاران
لە دانیشتنەکەدا چەند پەرلەمانتارێک گوازرانەوە لیژنە نوێییەکان:
- ئەحمەد مەزهەر جبووری بۆ لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان.
- سەمیعە غەلاب بۆ لیژنەی پەروەردە.
- خەدیجە وادی بۆ لیژنەی کارەبا و وزە.
"قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان"
پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پێشنیازێک دا بۆ حکومەت، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی شایستەی کەسوکاری شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان و سڤیلەکان لە تەواوی پارێزگاکان، لە رێگەی تەرخانکردنی زەوی و بودجەی دارایی تایبەت بۆیان.
لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنەکە هەڵبگرێت بۆ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ