رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پلاندانانی عێراق دەڵێت، پێشبینی دەکرێ تاوەکو 2050 ژمارەی دانیشتووانی وڵات بگاتە 73 ملیۆن کەس؛ هۆشداریش دەدات لەوەی کەرتی گشتی توانای دامەزراندنی زیاتری نەماوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتی بەڕێوەچوونی (یەکەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی بێکاری و هەژاری) لە عێراق، خالید بەتال، وەزیری پلاندانان بەوەکالەت رایگەیاند: "حکومەت داتا و زانیاریی وردی لەسەر ئاستی هەژاری و بێکاری لەبەردەستە و هاوئاهەنگی تەواو لە نێوان وەزارەتەکانی پلاندانان، کار و خوێندنی باڵا بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان هەیە."
چوار ملیۆن فەرمانبەر؛ ''زۆربەیان لە دەزگا ئەمنییەکانن"
وەزیری پلاندانان تیشکی خستە سەر میلاکی فەرمانبەران لە عێراق و ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی فەرمانبەران گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس، بەڵام دابەشبوونەکەیان بە هاوسەنگ نازانێت: "ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق نزیکەی چوار ملیۆن کەسە کە 62%ـیان لە چوارچێوەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانن. بەشەکەی دیکەشیان، زۆربەیان لە رووی چەندێتییەوە زۆرن، نەک لە رووی جۆرییەوە، ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی راستەقینە هەیە لە کواڵیتیی هێزی کاردا."
73 ملیۆن کەس تاوەکو 2050
خالید بەتال ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بەرەو جۆرێک لە گۆڕانکاری دەڕوات، کە "زیادبوونی رێژەی گەنجانە" لە پێکهاتەی دانیشتووان، "بەڵام ئەمە لە هەمان کاتدا ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ دابینکردنی هەلی کار."
وەزیری پلاندانان دەڵێت: "خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوەکو ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووان دەگاتە نزیکەی 73 ملیۆن کەس، ئەمەش لە سایەی سنوورداریی توانای کەرتی گشتی بۆ وەرگرتنی ئەم ژمارە زۆرەی هێزی کار، بارگرانییەکی گەورە دروست دەکات."
وەزیری پلاندانان باسی لەوەش کرد کە پرسی هەژاری و بێکاری دوو چەمکی لێکدانەبڕاون و کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر گەشەپێدان هەیە، داواشی کرد وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و توێژەران سوود لەو داتایانە وەربگرن کە دوای سەرژمێریی گشتی دەستکەوتوون، بۆ ئەوەی پێشنیازی کردەیی بخەنە بەردەم بڕیاربەدەستان.
بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق کە لە 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەچوو، کۆی گشتی دانیشتووانی عێراق 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ