رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی پەرلەمانتارێکی هەڵوەشاندەوە، کە یەکەمی لیستەکەی بووە لە سنووری پارێزگای دیالە و کەسێکی دیکەی لە شوێنەکەی دانا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە، مونزیر شەمەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دیالە ئەوەلەن، مافی ئەندامێتی لێ وەرگیراوەتەوە.
وەرگرتنەوەی متمانە لەو پەرلەمانتارە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی سەلاح مەهدی تەمیمی، بەربژێری هەمان لیست بووە، کە لە دژی پەرلەمانی عێراق و مونزیر شەمەری تۆماری کردووە.
بڕیاری دادگە لە 24ـی حوزەیران لەبارەی ئەو سکاڵایە دەرچووە، تێیدا ئەندامێتیی پەرلەمانتارەکەی بە نادروست هەژمار کردووە، هەروەها بڕیارێکی پەرلەمانی عێراقیشی بە نادروست زانیوە کە تانەی سکاڵاکارەکەی لە دژی ئەندامێتیی مونزیر شەمەری وەرنەگرتبوو، کە سکاڵایەک بووە لە 12ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ لەدژی تۆمار کراوە.
مونزیر شەمەری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەی بوو کە 18 هەزار و 394 دەنگی بەدەستهێنابوو.
دادگەی فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، کەسی دووەمی لیستەکە لە رووی بەدەستهێنانی دەنگەوە کە سکاڵاکارەکەیە، دەچێتە جێگەی مونزیر شەمەری لە پەرلەمان.
سەلاح مەهدی تەمیمی، کە بڕیارە جێگەی ئەو پەرلەمانتارە دوورخراوەیە بگرێتەوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 16 هەزار و 176 دەنگی بەدەستهێناوە.



