رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو بەربژێر و لایەنانەی هەوڵی کڕینی دەنگ دەدەن و رایدەگەیێنێت، هەر بەربژێرێک ئەو کارەی بەسەردا ساخ بێتەوە، لە پرۆسەکە دووردەخرێتەوە.
رۆژی هەینی، شەشی حوزەیرانی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر سکاڵایەکمان پێبگات سەبارەت بە هەوڵی کڕینی دەنگی هاووڵاتییان، لە رێگەی دادگەوە سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو کەسە دەجووڵێنین بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی رێکارەکانی کۆمیسیۆن."
جومانە غەلای جەختی کردەوە، ئەگەر لە رێگەی سکاڵای هاووڵاتییان یان تیمەکانی چاودێریی کۆمیسیۆنەوە و بە بەڵگەی پێویست بسەلمێنرێت کە بەربژێرێک دەنگی کڕیوە، ئەوا بەپێی یاسای هەڵبژاردن رێکاری تووندی لە دژی دەگیرێتەبەر، کە دەگاتە ئاستی دوورخستنەوەی یەکجارەکی لە بەربژێربوون.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت و بەشداریکردنی دەنگدەران تەنیا لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتیشی: "بەهۆی بەکارهێنانی کارتی بایۆمەترییەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت لەبری کەسێکی دیکە دەنگ بدات، چونکە لە رۆژی دەنگداندا پەنجەمۆر و وێنەی دەنگدەرەکە لەگەڵ زانیارییە تۆمارکراوەکان بەراورد دەکرێن."
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە 25ـی ئاداری 2024ـەوە دەرگای نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کردووەتەوە و پرۆسەکە تاوەکو 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ