رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە کردنەوەی دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ بەشداریکردن لە خولی پێگەیاندنی ژمارە 87ـی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی راگەیاند و دەڵێت، ئەمڕۆ دوایین رۆژە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی عێراق هەیە و مەرجەکانی بەشداریکردنیشی بڵاوکردووەتەوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 6-7-2023، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندیکردنی دەرچووانی کۆلێژە مەدەنییەکان لە ئەکادیمیای سەربازیی یەک لە ناوچەی رۆستەمییەی بەغدا راگەیاند. بەپێی وەزارەتەکە؛ بەشداریکردن لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆرمێکەوەیە لەم لینکەدایە:
مەرجەکانی بەشداریکردن لەو خولەدا بەپێی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمانەن:
ا- عێراقى بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
ب- 20 ساڵی تەمەنی تەواو کرد بێت و لە 26 ساڵیش زیاتر نەبێت لە کاتی دەرچوونی لە خولەکە.
ج- رەوشتبەرز و ناوبانگ و رەفتار باش بێت؛ پێشتر حوکم نەدرابێت بە تاوانی کەتن و کەتنی ئابڕووبەر، یان تاوانەکانی تیرۆر، تاوانەکانی پەیوەست بە ئاسایشی وڵات لە ناوەوە و دەرەوە.
د- هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت لە یەکێک لە کۆلێژە مەدەنییەکانی حکومی یان تایبەت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە باوەڕپێکراو بێت.
هـ - لە هیچکام لە خولە کراوەکانی کۆلێژە سەربازییەکانی دیکە دەرنەکرا بێت یان نەكەوتبێت یان شکستخواردوو نەبووبێت لە خوێندن؛ لە ریزەکانی هێزە سەربازییەکان هەڵنەهاتبێت.
و- مەرجەکانی لەشساخی و سەلامەتی و تەندروستی و دەروونی تێدابێت؛ کەمئەندام نەبێت و تاتۆ لەسەر جەستەی نەبێت.
ز- باڵای لە 165 سانتیمەتر کەمتر نەبێت.
ح- کەسی پێشکێشکار دەخرێتە ژێر پشکنینی پزیشکی تایبەت بە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و ئەو مادانەی کاریگەرییان لە سەر مێشک هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ