رووداو - موسڵ
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، لە راگەیێندراوێكدا كۆنترۆڵكردنەوەی باڵەخانەی پارێزگای موسڵ، كونسوڵخانەی توركیا و چەند شوێنێكی دیكەی لە بەری راستی شارەكە راگەیاند. بەپێی لێدوانی فەرماندە سەربازییەكانیش دەیان چەكداری داعش لە هێرشەكەدا كوژراون.
عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، سەرلەبەیانی رۆژی 7-3-2017، راگەیێندراوێكی لەبارەی پێشڕەویی هێزەكانیان لە بەری راستی موسڵ بڵاوكردەوە و كۆنترۆڵكردنەوەی ژمارەیەك باڵەخانەی حكومی رایگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوەكە، هەریەكە لە باڵەخانەكانی پارێزگا، ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی موسڵ، پردی حورییە، كونسوڵخانەی توركیا، مۆزەخانە و شارەوانی لە ناوچەی بابلتۆب لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و وەڵامدانەوەی خێرا کۆنترۆڵکراونەتەوە.
لەبارەی چۆنییەتی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە بەخێرایی، عەبدولئەمیر یارەڵڵا رایگەیاندووە، تاکتیکی هەڵکوتان و گەمارۆدانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی باڵەخانەكان بەکارهێناوە.
لەسەر هەمان ئۆپەراسیۆن نەجم جبووری، سەركردە لە ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكە لە كاژێر 01:00 ی شەو دەستیپێكردووە و پێشڕەوی بەرچاو كراوە، بەجۆرێك ئێستا تەنیا دوو فەرمانگەی حكومی لەو ناوچەیە ماون كۆنترۆڵ بكرێنەوە.
لەبارەی ژمارەی چەكدارانی داعشیش لە موسڵ جبووری گوتی "بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانمان ئێستا تەنیا 900 چەكداری داعش لە موسڵ ماون و شەڕدەكەن".
هاوكات عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی هێزە هاوبەشەكان بە رووداوی راگەیاند، هێزەكان خەریكی كێوماڵكردن و پاككردنەوەی باڵەخانەكانن لە چەكدارە بەجێماوەكانی داعش و بۆمبە چێندراوەكان. باسی لەوەش كرد كە ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەی پارێزگا هەڵدراوە.
لەبارەی ژمارەی كوژراوانی داعش و هێزە عێراقییەكان گوتەبێژی هێزە هاوبەشەكان گوتی "سێ خۆكوژ و دەیان چەكداری داعش كوژراون. ئێمەش بەراورد بە گەورەیی ئۆپەراسیۆنەكە زیانی گیانیمان زۆر كەمە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ