رووداو هەولێر
یانەی موسڵ میوانە نوێیەکەی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بڕی 4 ملیار دیناری بۆ بەشداریکردن لە خولەکە خەرج دەکات و ئەندامێکی یانەکەش بۆ رووداوی ئاشکراکرد کە ئامانجی یەکەم ساڵیان تەنیا مانەوەیە لە خولەکە.
یانەی موسڵ وەرزی ئەمساڵ دوای نۆ ساڵ دابڕان گەڕایەوە نێو رکابەرییەکان و وەک پاڵەوانی خولی یانە نایابەکان بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوت، یەکەم هەنگاوی یانەکە پێدانەوەی متمانە بوو بە جاسپ سوڵتانی راهێنەر.
لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی موسڵ گرێبەستی لەگەڵ سێ یاریزانی پیشەگەر واژۆکردووە کە بریتین لە رامی وەسمانی بەرگریکاری یەمەنی، کە پێشتر لە خولەکانی چیکی و وڵاتەکەی یاریکردووە، فۆنینگ رۆش هێرشبەری کامیرۆنی، کە پێشتر لە هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی وڵاتەکەی و خولی پیشەگەرانی تونس یاری کردووە، بێدی سێرجیس ناوەڕاستکاری کۆتدیڤواری پێشتر لە خولی بەحرەینی یاریکردووە.
لەسەر ئاستی ناوخۆش یانەی موسڵ ژمارەیەک گرێبەستی نوێی کردووە و بەشێک لە یاریزانانی وەرزی رابردووش گرێبەستیان لەگەڵ نوێکراوەتەوە کە بەمشێویە: یاسر ناجی، سامر موحسین، ماجد عەبدولجەبار، سۆران عەزیز، عومەر عەبدولڕەحمان، یونس عەبد، دەحام ئیبراهیم، عەلی لەتیف، مورتەزا جەمال و مەهدی هاشم.
محەممەد فەتحی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی موسڵ لەبارەی ئامادەکارییان بۆ وەرزی نوی بە رووداوی راگەیاند "دڵخۆشین گەڕاینەوە ریزی یانە بەشدارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئێمە وەرزی ئەمساڵ چوار ملیار دینارمان لە لایەن پارێزگای موسڵ بۆ تەرخانکراوە کە ملیارێک بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وەرزشیی و یاریگەی یانەکەمانە و سێ ملیارەکەی دیکەش بۆ تیپەکانی پێشکەوتووان و لاوان و تازەپێگەیشتووانە، کە پارەیەکی زۆر نییە و تەنیا دەمانەوێت لە خولەکە بمێنینەوە و رکابەری بەهێز ناکەین".
سۆران عەزیز، ئەستێرەی کوردی یانەی موسڵ وەرزی رابردوو توانی گۆڵکاری تیپەکەی بێت بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ و شەش ئەسیست، یانەکەی گرێبەستیان لەگەڵ ئەو هێرشبەرە بەتوانایە نوێکردەوە.
یانەی موسڵ لە 1947 دامەزراوە، شوێنی پێگەیاندنی دەیان یاریزانی ئاستبەرز بووە، هاوار مەلا محەممەد ئەستێرەی سەردەمی زێڕینی هەڵبژاردەی عێراق لەو یانەیەوە دەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ