رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای دژی دیاریکردنی 93 باڵیۆزی نوێی پەکخست و پێکەوە دوای خستن، سکاڵایەکی دیکەی لەسەر هەمان دۆسیە رەتکردەوە.
تاوتوێکردنی ئەو سێ سکاڵایە لەلایەن دادگەکەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی ئەیلوول تاوتوێ کرا، کە 5 وەزیری رێپێدراوی وەزارەتی دەرەوە تۆماریان کردبوو.
سکاڵاکان لەبارەی دانانی ئەو 93 باڵیۆزە نوێیەی وەزارەتی دەرەوە بوون کە 26ی ئابی 2025 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگیان لەسەر درا.
دادگەی باڵای فیدراڵی یەکێک لە سکاڵاکانی رەتکردەوە کە داوای کردبوو بڕگەی 3 لە مادەی 9ی یاسای خزمەتی دەرەوە بە نادەستووری بناسێنێت، کە ئاماژە بەوە دەکات 25%ی باڵیۆزان لە دەرەوەی وەزارەتی دەرەوە دەبێت بە پێشنیازی ئەنجوومەنی وەزیران بێت، کە دەکرێت هەرکات ئەنجوومەنەکە ویستی رێژەکە بگۆڕێت.
لە بڕیارەکەدا هاتووە" ئەو سکاڵایە رەتکرایەوە لەبەر ئەوەی پێشێلکاریی دەستووریی تێدا نییە".
دادگەی باڵای فیدراڵی دوو سکاڵای دیکەی ئەو پێنج وەزیری رێپێدراوەی یەکخست و بۆ 21ی ئەیلوولی 2025 دواخست.
ئەو دوو سکاڵایە تانەیان لە رێکارەکانى ئەنجوومەنى وەزیران دابوو کە لە کۆبوونەوەى 22ی تەمووزى ئەو ئەنجوومەنە گیراوەتە بەر بۆ بەربژێرکردنی ئەو کەسانە بۆ پلەی باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوە.
ئەو وەزیرە رێپێدراوانەی وەزارەتی دەرەوە کە سکاڵایان تۆمار کردووە بریتین لە: تاریق عادل، دیاری ئەحمەد مەجید، فازڵ شوەیلی، حوسێن عەباس و مونیف عەلی.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو سکاڵایانە کە لەبەر هەستیاری پرسەکە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە بە رووداوی راگەیاند: پێشێلکاریی یاسایی و رێنماییەکان لە دانانی ئەو باڵیۆزانەدا هەبووە و هەندێکیان تەمەنی خزمەتیان نەگەیشتووەتە 15 ساڵ کە مەرجی ئەوەیە بکرێنە پلە باڵا و بۆ هەموو ئەو تێبینییە یاساییانەی کە لەسەر ئەو بڕیارە هەیانە، بەڵگەیان پێشکێشی دادگەی باڵای فیدراڵی کردووە.
7ی ئەیلوول لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی لیستی یەکەمی باڵیۆزەکان دەرکرد کە 86 باڵیۆز بوون.
سەرۆکایەتیی کۆمار رایگەیاند: وردبینی بۆ رێوشوێنەکانی دامەزراندنی لیستی دووەم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت و لە داهاتوودا فەرمانی دامەزراندنیان دەردەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ