رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هێرشێکی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا، رێوڕەسمی پرسە و ماتەمینیی گەورە لە مەزارگەی ئیمام عەلی لە شاری نەجەفی عێراق بەڕێوەچوو.
کوشتنی خامنەیی شۆکێکی گەورەی لەنێو شیعە مەزهەبەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا و کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و کەسایەتیی دیاری شیعە لە عێراق کە خاوەنی پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزە، بەشداریی لە پرسەکەدا کرد. بەشداریکردنی سەدر گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە ئاماژە بوو بۆ کاریگەریی رووداوەکە لەسەر پێکهاتە سیاسی و ئایینییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان گرووپە شیعەکان.
هێرشەکەی سەر خامنەیی و کوژرانی، وەکو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەیر دەکرێت و لەو رۆژەوە شەڕێکی نۆ رۆژە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە و تاوەکو ئێستا ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی دیار نییە.