دەقی هەردوو رەشنووسەکەی هەولێر و بەغدا لەبارەی رێککەوتن لە رووداو بخوێنەوە

08-07-2025
نەهرۆ محەممەد
 دەقی رەشنووسەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
دەقی رەشنووسەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەریەک لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجە دوو پرۆژە پێشنیاز و رەشنووسیان ئامادەکرد و خستە بەردەم یەکدی.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری دا لیژنەک لە 5 وەزیر پێکبهێنێت بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە، دوای ئەوە ئەنجوومەنەکە گفتوگۆی لەسەر دوو پێشنیازنامە کرد. یەکێک لەو پێشنیازانە لەلایەن لایەنە فیدراڵییەکان و ئەوی دیکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێش کرابوو.
 
ئەمەش دەقی هەردوو پێشنیازەکەیە: 
 
رەشنووسی رێککەوتن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە 
 
 
7/7/2025
یەکەم: رادەستکردنی نەوت
ئەلف: قۆناخی یەکەم:
1 - رادەستکردنی نەوت: پێشنیازی یەکەم: (لە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیاکان)
 
دەستبەجێ دەستبکرێت بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ  هەناردەکردن (لە کاتی رێککەوتن لەسەر چوارچێوەی کاری لایەنی راوێژکاریی تەکنیکی بەگوێرەی یاسای هەموارکردنی بودجەی فیدراڵی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان)، جگە لە بڕی بەکاربردنی نێوخۆیی (روونکردنەوە: بەرهەمی ئێستا 282 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و 65 هەزار بەرمیلی لێ دەردەکرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی، ئەوەش لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانەکردن و پێوەرەکانەوە).
 
پێشنیازی دووەم: (لە کاتی بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکان)
 
دەستبەجێ دەستبکرێت بە رادەستکردنی ئەو بڕە بەردەستەی کە تێکڕا بە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت لەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن (تاوەکو رێککەوتن دەکرێت لەسەر چوارچێوەی کاری لایەنی راوێژکاریی تەکنیکی بەگوێرەی یاسای هەموارکردنی بودجەی فیدراڵی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان).
 
2 - بەکاربردنی نێوخۆیی نەوت: بەکاربردنی نێوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی کوردستانە (بەڕێوەبردن، دابەشکردن و پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە).
 
دووەم: داهاتی نانەوتی
1. هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە رادەستکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی، بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی (50%)ی داهاتی گومرگ و باجی دەرامەت.
 
2.  پاکتاوکردنی دارایی لەنێوان پشکی گەنجینەی فیدراڵی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی فیدراڵی (لەتەرخانکراوەکانی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان) و دانەوەی پابەندییە داراییەکانی دیکە (کڕینی گازی سرووشتی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا) دەکرێت.
 
سێیەم: خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان: پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست بە خەرجکردنەوەی مووچەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2025 و مانگەکانی دواتر، تاوەکو پەسندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی داهاتوو و لەژێر رۆشنایی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە (224/ و یەکخراوەکەی 269/ فیدراڵی/ 2023) کە بڕیاری داوە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردسیتان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی نابێت ببێتە هۆکاری سەرەکی بۆ خەرجنەکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی و پێویستیی بەدیهێنانی یەکسانیی کردەیی لەنێوان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانیان لای حکومەتی فیدراڵی هێنایە ئاراوە، لە رووی بڕی مووچە و کاتەکانی وەرگرتنییەوە.
  
رەشنووسی حکومەتی فیدراڵی 

یەکەم: رادەستکردنی نەوت
ئەلیف- قۆناخی یەکەم:1. رادەستکردنی نەوت: دەستبەجێ دەستبکرێت بە رادەستکردنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت (لەگەڵ هەر زیادبوونێکی داهاتوو لە بەرهەمهێناندا) لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن و داهاتەکانیشی بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵی بەگوێرەی یاسا (1). جگە لە بڕی بەکاربردنی ناوخۆیی(2)، واتە، دەستبەجێ رادەستکردنی 236 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە (روونکردنەوە: بەرهەمی ئێستا 282 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا (3) و 46 هەزار(4) بەرمیلی لێ دەردەکرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆ و بەگوێرەی راپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی لە هەرێم) ئەوەش لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانە و پێوەرەکانەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی رادەستکردنی تەواوی ئەو بڕە (236 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا) و پابەندکردنی کۆمپانیا کاراکانی هەرێمی کوردستان بەمە، لە ئەستۆ دەگرێت.
 
2. بەکاربردنی نێوخۆیی نەوت: لەم قۆناخەدا بەکاربردنی نێوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمدایە (بەڕێوەبردن و دابەشکردن و پێدانی بڕی 16 دۆلار (5) بۆ هەر بەرمیلێک بە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە)، تاوەکو قۆناخی دووەم (کە لە خوارەوە باسکراوە) تەواو دەبێت. بە مەرجێک داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان (بۆ ئەو پاڵاوگانەی نەوتی خاو بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێم وەردەگرن کە لە سەرەوە باسکرا) بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی، دوای داشکاندنی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.
 
ب- قۆناخی دووەم (دەستبەجێ و هاوتەریب لەگەڵ قۆناخی یەکەم دەستپێدەکات و ماوەی 30 رۆژ دەخایەنێت)
هەژمارکردنی بڕی پێویستیی نێوخۆیی لە رێگەی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە دەبێت، بۆ شیکردنەوەی پێداویستیی راستەقینەی هاووڵاتییانی هەرێم بۆ ئەو بەرهەمە نەوتییانەی کە پێویستە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە دابین بکرێ، بەپێی مۆدێلی ئابووری و تەکنیکیی وەزارەت، یان بەگوێرەی ئەوەی لەگەڵ دۆخی ئێستای هەرێم و یاسادا دێتەوە.
 
¹ مادەی (12 / دووەم / أ)ی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (13)ی ساڵی 2023ی هەموارکراو، دەڵێت: (حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ بارکردنی نەوتی خامی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێم بۆ کۆگاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهانی تورکیا، بە بڕێک کە لە (400) چوارسەد هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمتر نەبێت..).
 
² حکومەتی فیدراڵی پێشنیازی کردووە کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێم هەناردە بکرێت و لە بەرامبەردا وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پێداویستیی هاووڵاتییانی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات. بەڵام حکومەتی هەرێم لەسەر پێشنیازەکە رازی نەبووە و لێکۆڵینەوەی لە دابەشکردنی سووتەمەنی لەلایەن کۆمپانیایەکی هەرێمەوە کردووە لە ماوەی مانگێکدا (لە قۆناخی دووەمی ئەم پێشنیازنامەیەدا).
 
³ بەگوێرەی کۆبوونەوە فەرمییەکان لەگەڵ هەرێم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردەوە کە کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا دەگاتە 282 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بەشێوەیەکی قۆناخبەند بە رێژەی 30-40 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد دەکرێت تاوەکو دەگاتە بڕی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە کە لە یاسای بودجەدا هاتووە.
⁴ بەگوێرەی ئەو بڕانەی لە راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 هاتووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم.
⁵ یەکسان بەو سولفە کاتیەی کە لە یاسای هەموارکراوی ژمارە (4)ی ساڵی 2025ی یاسای بودجەی گشتیدا هاتووە.
 
دووەم: رادەستکردنی داهاتی نانەوتی⁶ بە بڕێک کە مانگانە لە 200 ملیار دینار کەمتر نەبێت (بەگوێرەی پێداچوونەوەی بودجە، کۆی داهاتی نانەوتی دەگاتە 4.7 ترلیۆن دیناری ساڵانە⁷).
 
سێیەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی بەجێکردنی مووچەی هەرێم بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی⁸ و لە ماوەیەکدا کە لە (90) رۆژ تێپەڕ نەکات و پارەدارکردنەکە لە کۆتایی ماوە دیاریکراوەکەدا تەنیا بۆ مووچە بە جێکراوەکان دەبێت.
 
چوارەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی و تەکنیکیی هاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، بە پشتبەستن بە (مادەی 13/حەوتەم)ی یاسای هەموارکراوی بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023، بۆ ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تێپەڕکردنی پشکی هەرێم لە بودجە لەسەر بنەمای خەرجیی راستەقینە⁹و توێژینەوە یاساییەکە بە کۆنووسێک لە ماوەی دوو هەفتەدا پێشکێش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەکرێت.
 
پێنجەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەستدەکات بە پارەدارکردنی مووچەی هەرێم دوای جێبەجێکردنی بڕگەکانی (یەکەم/قۆناخی یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم) لەلایەن هەرێمەوە و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی.
 
روونکردنەوە: راپۆرتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی سەرەوە لە نزیکترین دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیدا دەخرێتەڕوو، دوای بەدیهێنانی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
 
1-وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمیی هەرێم لەسەر بەندەکانی ئەم رێککەوتنە و دیاریکردنی ناوی ئەندامانی لیژنە هاوبەشەکانی سەرەوە.
 
2- رادەستکردنی نەوت بەگوێرەی ئەو بڕانەی لە بڕگەی (یەکەم)دا باسکراون، لەسەر بنەمای راپۆرتێکی هاوبەش لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکوور.
 
3. رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەگوێرەی بڕە شایستەکان کە لە بڕگەی (دووەم)دا باسکراون (یان ئەنجامدانی مەقاسە(پاکتاوی دارایی) بە بەهاکەیان لە پارەدارکردنی مووچە).
 
4. دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکرد(تەوتین) بەپێی بڕگەی (سێیەم).
 
5. دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی و بەرزکردنەوەی راسپاردەکانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی بڕگەی (چوارەم).
 
6. راستەوخۆ دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بە پەسندکردنی راپۆرتی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، مووچەکان خەرج دەکرێن.
 
پەڕاوێزەکان:
⁶ دەقی مادەی (12 / دووەم / د)ی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (13)ی ساڵی 2023ی هەموارکراو (حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت و بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی وردبینیی ئەو داهاتانە دەکات).
 
⁷ بەگوێرەی راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی، کۆی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم نزیکەی 4.7 ترلیۆن دینارە بۆ هەریەک لە ساڵانی 2023 و 2024.
 
⁸ بڕیاری دادگەی فیدراڵی ژمارە (224 / و یەکخراوەکەی 269 / فیدراڵی / 2023)، بڕگەی یەکەم.
 
⁹ بەگوێرەی یاسای بودجەی هەموارکراو و بڕیاری دادگای فیدراڵی، بە روونکردنەوەی ئەوەی کە هەموو ناوچەکانی عێراق ملکەچی پێوەری (خەرجیی راستەقینە)ن. لە کاتی هەژمارکردنی پشکەکان لە بودجەی گشتیدا، خەرجییە سیادییەکان دوور دەخرێنەوە کە هەموو عێراقییەکان لێی سوودمەندن (وەک سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، وەزارەتی دەرەوە، هتد)، پاشان بڕی ماوە دابەش دەکرێت بەسەر وەزارەت و لایەنە ناسەروەرییەکاندا و پشکی هەرێم (12.67%) دەبێت لە خەرجییە راستەقینەکە (نەک 87.33%ی خەرجییە راستەقینەکە).
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە