سبەی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە دهۆک، بەسرە و میسان دابەش دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، پارەی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە سێ پارێزگا خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 09-02-2026، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی کۆمسیۆن، پارەی پاداشتی کارمەندانی دەنگدانی لە هەر سێ پارێزگای دهۆک، بەسرە و میسان خستووەتە سەر کارتەکانی ماستەرکارد."
بەگوتەی جومانە غەلای، لە سبەی سێشەممەوە 10-02-2026، کارمەندان دەتوانن لە رێگەی بنکەکانی تۆمارکردنەوە کارتەکانیان وەربگرنەوە بەم شێوەیە:
دهۆک و میسان: لە رێگەی 41 بنکەی تۆمارکردن.
بەسرا: لە رێگەی 76 بنکەی تۆمارکردن.
سەبارەت بە پارێزگاکانی دیکەش، گوتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوە کرد کە 90%ی کارتەکان گەیشتوونەتە نووسینگەی پارێزگاکان و "بەپێی ریزبەندی پارە دەخرێتە سەر کارتەکانی دیکەش و دابەش دەکرێن".
کۆمسیۆن بڕی پاداشتەکانی بەپێی پلە و جۆری کارمەندەکە بەمشێوەیە دیاریکردووە:
فەرمانبەرانی حکومی:
هاوئاهەنگیکاری بنکە: 300 هەزار دینار
بەڕێوەبەری وێستگە: 200 هەزار دینار
کارمەندی ئاسایی: 150 هەزار دینار
خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان:
هاوئاهەنگیکاری بنکە: 400 هەزار دینار
بەڕێوەبەری وێستگە: 300 هەزار دینار
کارمەندی ئاسایی: 250 هەزار دینار
کارمەندانی یەدەگ:
فەرمانبەری حکومی: 50 هەزار دینار و نووسراوی سوپاس و پێزانین
خوێندکار یان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان: 100 هەزار دینار
کۆمسیۆن جەختی کردووەتەوە، رێگە نادرێت کارمەندێک پاداشتی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بەیەکەوە وەربگرێت؛ ئەگەر کارمەندێک لە هەردوو رۆژەکەدا کاری کردبێت، تەنیا پاداشتی یەکێکیان وەردەگرێت و بڕی 100 هەزار دیناری دیکە وەک قەرەبوو بۆ زیاد دەکرێت.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەچوو و دابەشکردنی ئەم پاداشتانە دوای سێ مانگ لە ئەنجامدانی پرۆسەکە دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە