لیوایەکی حەشدی شەعبی پشتیوانی سەربازیی خۆی بۆ حەماس راگەیاند

09-10-2023
هێمن بابان رەحیم
 لیوای 41ـی حەشدی شەعبی.
لیوای 41ـی حەشدی شەعبی.
نیشانەکردن حەماس فەلەستین ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیوای 41ـی حەشدی شەعبی، کە سەر بە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقە رایگەیاند، ئامادەن بۆ لە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل، پشتیوانی فەلەستین بکەن. سەرکردەیەکی لیواکە دەڵێت: "بە گیان و چەک و تفاقەوە پشتیوانی خۆمانتان بۆ دەردەبڕین."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9-10-2023، لیوای 41ـی حەشدی شەعبی یەکێک لە سێ لیواکەی سەر بە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق لەنێو حەشدی شەعبی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویانکردووەتەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ بزووتنەوەی حەماس نیشاندا.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ماوەکەی یەک خولەک و 7 چرکەیە، نزیکەی 50 چەکدا لە گۆڕەپانێکی مەشق بە چوار ئۆتۆمبێل و جلی سەربازی و بە لۆگۆی حەشدی شەعبییەوە دەرکەوتوون و یەکێک لە ئەندامانی ئەو هێزە چەکدارە کە پێدەچێت یەکێک بێت لە سەرکردەکانیان گوتارێک پێشکەش دەکات.
 
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی باسی تۆڵەکردنەوە لە تاوانباران دەکات، هاوسۆزیی بۆ هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەردەبڕێت و دەڵێت: "ئێمە تووندتر و بەهێزترین، خەڵک دەبەزێنین و نابەزێین، تووندی ئێمە تووندیی حوسێنە، تووندیی داهاتوو بەهێزتر دەبێت. لەنێو شیعەکانی عێراقەوە، وەکو لیوای 41 پشتیوانی خۆمان بە گیان و چەک و تفاقەوە دەردەبڕین."
 
ئەو ئەندامەی هێزە سەربازییەکە قسەی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت"وەکو ئەو دەڵێت ئێمە ئامادەین و تەماشاکار نین."
 
هەروەها بەڵێن دەداتە دانیشتووانی قودس و دەڵێت ئامادەن بۆ ئەوەی بگەنە کاروانی ئەوان.
 
هەڵوێستی ئەو هێزە چەکدارەی نێو دەستەی حەشدی شەعبی، کە یەکێکە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، لەکاتێکدایە شەوی 7ـی ئەم مانگە ژمارەیەک لە گرووپەکانی  نێو حەشدی شەعبی بەبۆنەی هێرشەکانی حەماسەوە ئاهەنگیان گێڕا و لە شەقامەکانی بەغدا بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و بە چەکەوە دەگەڕان.
 
بەیانیی رۆژی 07-10-2023، چەکدارانی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستە کران. 
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کە دیارترینیان حەماسە، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون، هەروەها  ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 800 کەس و دوو هەزار و 506 بریندار.
 
حەشدی شەعبی، لەدوای فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە دوای 10ـی حوزەیرانی 2014 دروستبوو، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر مووسڵ. لە 26ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 بووە هێزێکی فەرمی، دوای ئەوەی یاساکەی لە پەرلەمان پەسندکرا.
 
دەستەکە لە 67 گرووپ پێکدێت، کە زیاتر لە 150 هەزار چەکداریان هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئەو کچەی کوژراوە

لە بەغدا کچێک بە 'پاساوی شەرەف' دەکوژرێت

لە شاری بەغدا، ماتۆڕسوارێک تەقەی لە کچێک کرد و کوشتی. شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت: "بکوژەکە برای کچەکە بووە."