حکومەتی عێراق: ئەمریکا رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرێت

10-05-2015
شیرین داود
نیشانەکردن بارزانی پێشمەرگە
A+ A-

رووداو - هەولێر

گوتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق دەڵێ، " ئەمریکا پابەندە بە رێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراق". سەبارەت بە هەوڵی پڕچەککردنی راستەوخۆی پێشمەرگەش دەڵێ "هەموو هاوکارییەکی پێشمەرگە دەبێ بە لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی".

سەعد حەدیسی ، گوتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق لەبارەی پڕچەککردنی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنی پێشوەختەیان هەیە، کە دەبێ رێز لە سەروەریی عێراق بگرێ".  جەختیشیکردەوە "پڕچەککردنی هەر لایەنێک لە عێراق پێشمەرگە بێت یان حەشدی شەعبی دەبێ بە لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی ناوەند".

سەبارەت بە لێدوانی هەندێک لە ئەندامانی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن ، کە بە "پێشێلکردنی دەستووری عێراق" تۆمەتباری دەکەن، حەدیسی بۆ رووداو گوتی "لێدوانی ئەو پەرلەمانتارانە گوزارشتە لە هەڵوێستی خۆیان، ئێمە مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەین".
 
مەسعود بارزانی 3ی ئایار بە سەردانێکی 7 رۆژی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت و ئەمڕۆ کۆتایی بە سەردانەکەی هێناو دەچێتە وڵاتانی ئەوروپا. بارزانی لە واشنتن لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جۆ بایدنی جێگری کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی "سەرکەتوو" بووە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە ئیدارەی ئەمریکاوە بەڵێنیان پێداوە چەک بگەیێننە دەست پێشمەرگە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە