رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا، بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد. پەیامنێری رووداو رایگەیاند، مادەی 14 لە پڕۆژەیاسای بودجە دەنگی لەسەر درا. پەسندکردنی ئەو مادەیە ناڕەزایی فراکسیۆنی پارتی لێکەوتەوە.
دوای پەسندکردنی ئەو مادەیە، شاخەوان، عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنی پارتی لە هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان چوونە دەرەوە و لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
دیلان غەفوور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق نێوەڕۆکی ئەو بڕگەیەی مادەی 14ـی بۆ رووداو ئاشکراکرد کە کێشەی لەسەر دروستبووە و بەهۆیەوە کۆبوونەوەی پەرلەمان راگیراوە.
بەپێی ئەوەی دیلان غەفوور ئاشکرای کرد، لە بڕگەکەدا هاتووە: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا "تەمویلکردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان.
لەوبارەوە سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی بە رووداوی گوت، یەکێتی بە هاوکاری لەگەڵ شیعەکان بڕگەی 8ی لە مادەی 14 پەسند کرد کە تایبەتە بەوەی بەغدا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات لەوەی ئەگەر شایستە داراییەکانیان دواکەوت. گوتیشی، "زۆر هەوڵماندا رێگری لێ بکرێت، یەکێتی هەستا بە قوربانیدان بە پاشەکەوتی مووچە" و لە بەرامبەر ئەوەدا تێپەڕاندنی پاشەکەوتی مووچە.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی بە رووداوی گوت، "گەڕاینەوە بۆ ھۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێشنیازی ئێمەش دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ پاشەکەوتی مووچە".
بەڵام پێش ئەو قسانە، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هەڵکەوت، عەزیز، پەیامنێری رووداوی گوت، "بەداخەوە دانەوەی پاشەکەوتی مووچە لە پڕۆژەیاسای بودجە لابرا". گوتیشی، هەوڵدەدرێت جارێکی دیکە پاشەکەوتی مووچە بخرێتە نێو پڕۆژەیاساکە و دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، "سلێمانی داوا دەکات لە کاتی بوونی ناکۆکیدا بەجیا پارەی بۆ بنێردرێت."
دەقی مادەی 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق
بڕگەى یەکەم:
أ- داهاتەکانی نەوتی هەناردەکراو بۆ دەرەوە و فرۆشراو لەنێوخۆدا، ئەوانەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن، لە یەک هەژماری بانکی کە وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکى ناوەندى دەیکاتەوە هەڵدەگیرێن، کە لە هەناردە یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانەوە بەدەستدێن بەبێ هیچ لێبڕینێک، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەکان دادەخرێن.
ب- وەزارەتى دارایی عێراق شایستە داراییەکانی حکومەتى هەرێمى کوردستان بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەدات و لە هەژماری بانکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بانکێکى باوەڕپێکراوە لەلایەن بانکى ناوەندى عێراقەوە دەکرێتەوە، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان یان ئەو کەسەى کە سەرپشکی دەکات، دەسەڵاتى خەرجکردنى پارەکەى دەبێت کە لەژێر چاودێریى حکومەتى فیدراڵى و دیوانى چاودێریى دارایی عێراق دەبێت.
بڕگەى دووەم:
دیوانى چاودێریى دارایی و وەزارەتى نەوت بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە هەردوو هەژمارە بانکییەکەدا دەکەن و چاودێریی دەکەن، ئەگەر نەتوانرا ئەوە بکرێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى وردبینیى نێودەوڵەتى دەکرێت بەدەر لە رێنمایی و رێکارەکانی گرێبەستکردن بۆ چاودێریکردنی جووڵەی هەژمارەکە و مافی ئەوەى دەبێت وردەکاریى گواستنەوە و گرێبەستەکان و وردەکارییەکانی دیکەی پەیوەندیداری دەبێت، لەگەڵ شایستەى دارایی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەکانیان لەگەڵدا کراوە، وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان ژمێرەى مانگانە رادەستى دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى بکات بۆ ئەوەى بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقی بۆ ئەوەی بیخاتە نێو هەژمارەکانی دەوڵەتەوە.
بڕگەی سێیەم:
هەردوو هەژماری ئاماژەبۆکراو لە بڕگەی یەکەم بەتەواوی هاتوو و دەرچووەکانییەوە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتیی وردبینیەوە وردبنینی دەکرێت، راپۆرتی خولی لەوبارەیەوەشەوە دەداتە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
چوارەم:
خشتەى داتای دارایی نیوەساڵ و ساڵانە بە واژۆى وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردسان و چاودێریى هەژمارەکان (کۆمپانیای وردبینیی نێودەوڵەتی) پێشکێش دەکرێت و وێنەی دەدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق.
پێنجەم:
لیژنەیەکى هاوبەش لە هەردوولا بۆ پێداچوونەوەی گشتگیر بە قۆناخەکانى رابردوو پێکدەهێنرێت، کە تایبەتن بە کەرتى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیى نێوان وەزارەتى نەوت و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بۆ دەرچوون بە تێڕوانینێکى هاوتاى دەستوور کە مایەى جێبەجێکردن بێت بۆ ئەوەى قۆناخى رابردوو پاکتاو بکرێت.
شەشەم:
بڕگەکانى یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەمى مادەى 14 جێبەجێ دەکرێت لە رۆژی دەرچوونی ئەم یاسایە تاوەکو ئەوکاتەى یاسای نەوت و گاز دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
حەوتەم:
لەکاتی هەر ناکۆکییەک لە نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ماف و پابەندبوون و رێکارەکانی هاتوو لەم یاسایەدا، لیژنەکى هاوبەش لە نێوانیان پێکدەهێندرێت بۆ تاوتوێکردنى ئەو ناکۆکییانە و بەرزکردنەوەى راسپاردەکانی بۆ پەرلەمان لەماوەی 30 رۆژدا، بۆ ئەوەى بڕیارى پێویست لەبارەیەوە بدرێت.
هەشتەم:
ا- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە جێگیرکراوەکان لەم یاسایەدا
ب- بەپێچەوانەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییە، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی -ا- لەنێویاندا پارەدارکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ