رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشک بۆ کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەکات، کە 250 هەزار کەس وەردەگیرێن و مووچەیان لەنێوان 150 هەزار بۆ 400 هەزار دینارە.
چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیروپشکەکە کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 14ی ئەیلوولی 2025 لە نووسینگەی سەرەکیی کۆمیسیۆن لە بەغدا دەکرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە کۆمیسیۆنەوە دەستی کەوتووە، زیاتر لە 800 هەزار کەس داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی وەک کارمەندی دەنگدان وەربگیرێن، لەم ژمارەیە 250 هەزاریان وەردەگیرێن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وردەکاریی پارەی کارمەندانی دەنگدانی دیاریکردووە کە لە 150 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 400 هەزار دینار".
بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەگەر ئەو کارمەندەی دەنگدان کە وەردەگیرێت فەرمانبەری حکومی بێت و هاوئاهەنگیکارى ناوەندی دەنگدان بێت، 300 هەزار دینار وەردەگرێت و ئەو بڕە پارەیە بۆ یەکێک لە رۆژانی دەنگدانی گشتی یان تایبەت وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر کارمەندی دەنگدانەکە بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان بێت 200 هەزار دیناری پێدەدرێت و ئەگەر فەرمانبەری ناوەند یان وێستگەی دەنگدانیش بێت 150 هەزار دینار وەردەگرێت.
ئەگەر کارمەندی دەنگدان قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بێت و کاری هاوئاهەنگیکارى ناوەندی دەنگدان بێت، 400 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەگەر بەڕێوەبەری ناوەند بێت 300 هەزار و ئەگەر کارمەندی ناوەند یان وێستگەی دەنگدان بێت 250 هەزار دینار وەردەگرێت.
ئەو کارمەندانەش کە وەک یەدەگ وەردەگیرێن و رێژەکەیان 5%ی تێکڕای ئەو کارمەندانەیە کە لە تیروپشکەکەدا وەردەگیرێن، ئەگەر فەرمانبەری حکومى بێت 50 هەزار دینار و ئەگەر قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بێت 100 هەزار دینار وەردەگرێت.
دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ و دەنگدانی تایبەت لە 9ی هەمان مانگ دەکرێت.
بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، کارمەندی دەنگدان تەنیا پاداشتی دارایی بۆ یەکێک لەو دوو رۆژەی هەڵبژاردن وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر پێویست بوو کە کارمەندێک لە هەردوو رۆژی هەڵبژاردن کار بکات، 100 هەزار دیناری دیکەی دەدرێتێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ