رووداو - بەغدا
دوای ئەنجامدانی گشتپرسیی و رێکارەکانی بەغدا دژی کوردستان، لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەوز و میوە گران بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نزیکەی لە 80%ـی سەوزە و میوەی ئەو ناوچانە لە کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.
هۆکاری گرانی بازاڕ رێگری بازگەکانی عێراقە لەو شۆفێرە کوردانەی سەوزە و میوە یان هەر کاڵایەک بۆ بەغدا دەگوازنەوە. لە سنووری دیالە و لە خالس خەڵکی ناوچەکە بازگەیان داناوە و رێ بە شۆفێرە کوردەکان نادەن شتومەک بەرەو بەغدا ببەن.
رۆژانە لە دەروازەکانی بەغداوە زیاتر لە 500 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری شارەکانی باشووری کوردستان دەھاتنە ناو شارەکەوە کە 80%ی پێداویستییەکانی خەڵکی دابیندەکرد، ئێستا بەھۆی گرژی و ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە تەنیا نزیکەی 500 بۆ 80 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر رۆژانە دێنە بەغدا.
ھەیسم ماجد، خاوەن فرۆشگای سەوزە و میوە لە ناوچەی بەغداد جدیدە، کە یەکێکە لەناوچە میللیەکانی شارەکە، دەڵێت نرخەکان بەراورد بە مانگی رابردوو بەرزبوونەتەوە، بەجۆرێک هەندێک رۆژ نرخی خەیار لە بازاڕی سەوزە و میوە (عەلوە) دەگاتە هەزار و 250 بۆ هەزار و 500 دینار.
پێش گشتپرسی نرخی سەوزە و میوە لە بەغدا لەنێوان 500 دینار بۆ هەزار دیناردا بووە، بەڵام ئێستا لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار دیناردایە.
ئەیوب سەمتی، خەڵکی بەغدا دەڵێت "لە کەڕادە و زەیونە نرخی تەماتە دوو ھەزار و دوو ھەزار 500 دینارە".
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ