رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و تەواوکردنی پابەندبوونە دەستوورییەکان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان بووە.
شەوی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ نووری مالیکی کۆبووەوە، بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق "کۆی بارودۆخی گشتی و ئاراستەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکانی نێوان لایەنە نیشتمانییەکان بۆ تەواوکردنی پابەندبوونە دەستوورییەکان تاوتوێ کران."
لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵوێستی کوتلە سیاسییەکان و ئەو هەوڵانە کرا کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی دەدرێن، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق و هەنگاونان بەرەو قۆناخەکانی دیکە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە سوودانی و مالیکی جەختیان لە بەردەوامیی هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان، پەرەپێدانی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی نیشتمانیی عێراق.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و تەواوکردنی پێکهاتەی دامەزراوە دەستوورییەکانی وڵات، لە سەرووی هەموویانەوە پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق.
تاوەکو ئێستا هەردوو حیزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون. پارتی دیموکراتی کوردستان (فوئاد حوسێن) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (نزار ئامێدی)ی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە، ئەوەش پرۆسەکەی لەنێو پەرلەماندا پەکخستووە. ئەمە جگە لە رەتکردنەوەی مالیکی وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەشێک لە لایەنە شیعە و سوننەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ