زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار کورتهێنان بەغدا ناچار دەکات دەست بۆ پارەى کۆمپانیاکان ببات

12-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ مانگانە زیاتر لە تریلیۆنێک دینار کورتهێنانى هەیە، بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە پەناى بۆ راکێشانى زیاتر لە سێ تریلیۆن دینارى پارەی سپاردەى باج بردووە. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ئەو هەنگاوە بەدەر لە یاسا کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمان بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەبێ ئەوەى خشتەى بودجەى 2025 پەسند کرابێت.
     
بڕیارى راکێشانى پارەی سپاردەی باج لە 15ى نیسان لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە دەرکرا، دەسەڵات درایە وەزیرى دارایی بۆ راکێشانى پارەکە.
 
بڕى پارەکە سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار دینارە، بەگوێرەى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ "پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواترە".
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە پۆدکاستى رووداوى عێراق رایگەیاند: "راکێشانى ئەو پارەیە تێبینى لەسەرە، چونکە بەدەر لەیاسا کراوە، ئەوە ماناى ئەوەیە کێشەى نەبوونى نەختینە هەیە، ئەو کۆمپانیایانەى کە سپاردەى داراییان داناوە وەک گەرەنتییە بۆ ئەوەی ئەگەر لە ماوەى پێنج ساڵدا کێشە لە پڕۆژەکانیدا نەبێت و ئەو ماوەیە بەبێ کێشە تێپەڕێت، بتوانێت داواى پارەکەى بکاتەوە."
 
 عێراق مانگانە تەنیا بۆ مووچە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە، کە لە ساڵێکدا زیاتر لە 90 تریلیۆن دینار دەکات. 
 
 جەمال کۆچەر گوتى: "ئەگەر هەیە بەشێک لەو پارەیەى سپاردەى باج بۆ بەڕێوەچوونى لوتکەى عەرەبی و چارەسەرکردنى کێشەى کارەبا و تەواوکردنى پڕۆژە تەواونەکراوەکان خەرج بکرێت". 
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئێستا عێراق مانگانە بەتێکڕاى خەرجى وەبەرهێنان و بەکاربردن پێویستى بە زیاتر لە 11 تریلیۆن دینارە، بەڵام نزیکەى نۆ تریلیۆن و 500 ملیار دینارى لە فرۆشى نەوت و داهاتى نێوخۆ دەستدەکەوێت.
 
جەمال کۆچەر گوتى: "یەکێک لە کێشەکان دابەزینى نرخى نەوتە، لە ساڵانى 2021 و 2022 و 2023 بەرمیلێک نەوت لە سەروو 80 دۆلار بوو، لەکاتێدا لە بودجەى ئەو ساڵانەدا نرخەکەى بە 70 دۆلار خەمڵێنرابوو، بەوەش لەبرى کورتهێنان زیادبوونى هەبوو، بەڵام ئێستا نرخەکەى کەمترە لە 70 دۆلار".
 
تائێستا ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق خشتەى بودجەى 2025ى نەناردووە بۆ پەرلەمان کە کەوتووەتە پشووەوە و مانگى حوزەیران دەستبەکاردەبێتەوە، بەڵام تەنیا چوار مانگ دەرفەتى دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو خشتەیە، ئەگەر حکومەت بۆى بنێرێت. 
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمان پێیوایە ئەمساڵ ئەستەمە خشتەى بودجە بنێردرێت لەگەڵ ئەوەى پێچەوانەى یاسای بودجەى گشتییە.
 
بەگوێرەى مادەى 77ى یاساى بودجەى گشتى پێویستە ئەنجوومەنى وەزیران خشتەى بودجەى 2024 و 2025 بەر لە کۆتایی ساڵى دارایی پێش خۆى بێنێرێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە