رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسرە 27 ژن و مێردیان بە تۆمەتی گۆڕینەوەی هاوژینەکانیان دەستگیرکرد. دەستگیرکردنەکە لەکاتی ئاهەنگێکدا بووە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگاکە.
مەهدی تەمیمی، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای بەسرە، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو 27 ژن و مێردە لە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکاندا لەکاتی ئەنجامدانی ئاهەنگ و گۆڕینەوەیان لەگەڵ یەکدی دەستگیرکراون."
تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێکیان خەڵکی بەسرەن و هەندێکی دیکەیان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەن. ئەوەی روویداوە بەشێکە لە لادانی سێکسی و هەوڵی بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگەی بەسرەیە و لە پارێزگاکانی دیکەش ئەو جۆرە لادانانە هەن."
رووداوەکە کاردانەوەی تووندی لە شەقامی بەسرە لێکەوتووەتەوە و هاووڵاتییان داوای سزادانی تووندی تۆمەتباران دەکەن و دەڵێن، خەڵکی بەسرە بەو دیاردەیە نامۆن.
ساجدە سەدام عاتی، ژنی ماڵەوەیە و دەڵێت، "باشە چۆن دەبێت ژنی خۆی بداتە ئەو و ئەویش ژنی خۆی بداتە ئەم؟ ئەی دین و ئیسلام بۆ کوێ رۆیشتوون؟ ئێمە خەڵکانێکی موسڵمانین، شیعەین، بەهیچ شێوەیەک ئەو شتانە قبووڵ ناکەین. ئەوانەی ئەو کارە دەکەن دیارە بە چ رێگەیەکدا رۆیشتوون، بۆیە دەچن خەریکی ئەو کارانە دەبن. لە ئایین و شەریعەتی ئیسلامی ئێمەدا ئەمە بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
ئەبو حەمزە، دووکاندارە و باس لەوە دەکات، "دەبێت بە تووندترین شێوە سزای ئەو کەسانە بدرێت و بە تووندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەمە نە لە ئایین و نە لە مێژووی ئیسلامدا رووی نەداوە. نازانین ئەمە لە دەرەوە بۆمان هاتووە، لەکوێوە هاتووە، سەرمان سوڕماوە."
محەممەد عەلی، کاسبکارە و ئاماژە بەوە دەکات، "داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەم بەتووندی سزای ئەو کەسانە بدەن، تاوەکو خودا پەنامان بدات، ئەو کارە ناشیرینە دووبارە نەبێتەوە. ئەمە بەهیچ شێوەیەک لەبەرژەوەندیی پارێزگای بەسرەدا نییە."
ئەحمەد حەسەن، هاووڵاتییەکی دیکەی بەسرەیە و دەڵێت: "نابێت، ئاخر چۆن پیاو ژنەکەی لەگەڵ پیاوی دیکە دەگۆڕێتەوە؟ حەرامە. دەبێت ئەوانە بە توندترین شێوە سزا بدرێن."
پێشتر، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دانینابوو بە زیادبوونی ئەو حاڵەتانە لە چەندین شاری جیاواز و لیژنەیەکی لە وەزارەتی ناوخۆ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بۆ ئەو بابەتە پێکهێنابوو، تاوەکو ئەو کەسانەی تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بانگەشەی بۆ دەکەن، بە تووندی سزا بدرێن.
بەپێی بەدواداچوونێکی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤیش، هۆکارەکانی زۆربوونی حاڵەتەکانی گۆڕینەوەی هاوژین بۆ تێکچوونی بەها کۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی چاودێریی حکومەت، لاوازیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و خراپیی دۆخی ئابووری دەگەڕێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ