ئەلعارزی: لەچەند کاژێری داهاتوودا کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی هیت رادەگەیێنین

13-04-2016
کارزان رەسوڵ
نیشانەکردن هیت سوپای عێراق
A+ A-

رووداو - ئاژانسەکان

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سێی سەر بە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق  رایگەیاند: "لە چەند کاژێری داهاتوودا کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شارۆچکەی هیت لە ژێر دەستی داعش رادەگەیێنین". هاوکات شانەی راگەیاندنی جەنگیش کۆنترۆڵکردنەوەی دووگەڕەکی ئەو شارۆچکەیە و کوژرانی 13 چەکداری داعشی راگەیاند.


لیوا روکن سامی کازم ئەلعارزی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سێی سەر بە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند" هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر 90% شارۆچکەی هیتیان لە ژێر دەستی داعش کۆنترۆڵکردووەتەوە".

ئەلعارزی گوتیشی" خراپی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمڕۆمان هەبووە، بەڵام لەماوەی چەند کاژێری داهاتوودا کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شارۆچکەی هیت لە ژێر دەستی داعش رادەگەیێنین".

هاوکات شانەی راگەیاندنی جەنگی لە راگەیێندراوێکدا، کۆنترۆڵکردنەوەی هەردوو گەڕەکی جەمعیە و زهووری لە هیت راگەیاند.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە،  لە ئەنجامی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو دوو گەڕەکەدا 13 چەکداری داعش کوژران و دووئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویش تێکشکێندراون.

رۆژی پێنجشەممە 30-3-2016 ، هێزی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای هیت-ی لە رۆژئاوای ئەنبار راگەیاند و، رۆژی شەممە 2-4-2016 هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیان بچنە نێو گەڕەکەکانی شارۆچکەکەو بارەگای پۆلیس لە گەڕەکی پیشەسازیی کونترۆڵ بکەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە