شیعەکانی عێراق داوای "جیهاد" دژی کریستیانەکان دەکەن

14-05-2017
هێڤیدار ئەحمەد
حەشدی مەسیحی: تا سەر بەرگری لە خۆمان دەکەین
حەشدی مەسیحی: تا سەر بەرگری لە خۆمان دەکەین
نیشانەکردن مەسیحی شیعە دەشتی نەینەوا
A+ A-

رووداو- حەمدانییە

سەرۆکی وەقفی شیعی عێراق داوا لە شیعەی عێراق دەکات جیهاد بکەن دژ بە مەسیحییەکان. فەرماندەیەکی حەشدی مەسیحیش دەڵێت: "ئەگەر شەڕی ئێمە بکەن تا سەر بەرگری لە خۆمان دەکەین".


عەلی موسەوی لە سەر کورسیەکی مللوکی دانیشتووە، عەمامەیەکی رەشی لە سەر کردووە عەبایەکی بە سەر شانییدا داوە و دەڵێت: "کریستیانەکان کافرن کوشتنیان حەڵالە ئەگەر نەبنە موسڵمان". 

عەلی موسەوی سەرۆکی وەقفی شیعە دەڵێت: "جیهاد واتە شەڕکردن، چەند لایەنێک هەن دەبێ شەڕیان لەگەڵ بکەی، یەکێکیان ئەوانەن کە خاوەن کیتابی ئاسمانین و دەبێ جیهادیان لەگەڵ بکەن وەکو مەسیحییەکان بۆ ئەوەی ببنە موسڵمان. یان ئەوەتا دەبێ ببنە موسڵمان یان دەبێ شەڕیان بکەین یانیش دەبێ جزییە بدەن".

لە شارۆچکەی حەمدانییە، کەنیسەکان بە فەتوای داعش سوتاون. ماڵەکانیشیان وێرانکران لەبەر ئەوەی مەسیحین. یەکێک لە دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە کە خانووەکەی لەلایەن داعشەوە وێرانکراوە دەڵێت: "بە مردن ئەم خانووەم دروستکردووە بەڵام رەنگە دیسانەوە بەر فەتوای کابرای شیعە بکەوێتەوە".

ئەنوەر گورگیس هاووڵاتییەکی نیشتەجێی حەمدانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خوا لەگەڵ ئێمەیە، ئەمە خاکی ئێمە و باب و باپیرمانە، دەبێ بەزووترین کات وەڵامی ئەو فەتوایە بدرێت، بەسە کۆچکردن، تاکەی ئەم هەڕەشانە بەردەوام دەبن"

وێنەی مەهدی موهەندیس، سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی لەنێو حەمدانییە دانراوە، کریستییانەکان خۆیان هێزێکیان هەیە سەر بە حەشدی شەعبییە، فەرماندەیەکی مەسیحی دەڵێ، شیعە هەر هەنگاوێک بۆ کۆشتنی مەسیحییەکان بێنە پێش تا دەتوانن فیشەک بە سنگیانەوە دەنێن. 

نەقیب نەجم رەفع، فەرماندە لە حەشدی مەسیحی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرگری لە خۆمان و خاک و ناوچەی خۆمان دەکەین، بەهیچ شێوەیەک ئەم جورە هەڵوێستانە قبووڵ ناکەین، ئەگەر شەڕی ئێمە بکەن تا سەر بەرگری لە خۆمان دەکەین".

لە دەشتی نەینەوادا، هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی باڵادەستن، لەدەروازەی شارۆچکەی بەرتللە وێنەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان یەکەم شتە دەبینرێت. لەسەر دیوارەکان هێشتا درووشمەکانی خەلافەتی ئیسلامی داعش هەیە.

لەسەرەتای ئوپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، بەشێک لە مەسیحییەکان رازی نەبوون پێشمەرگە دەشتی نەینەوا کۆنتروڵبکاتەوە، ئێستاش کە داوای جیهاد دەکرێ دژی مەسیحییەکان، پێشمەرگه کە هاوسنوورن لەگەڵ ناوچە مەسیحییەکان هەرزوو هاتنە دەنگ، هۆشداریی دەدەن و دەڵێن دەستبردن بۆ مەسیحییەکان خەتی سوورە.

بەهرام عەریف یاسین ،  فەرماندەی لیوای حەوتی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر هەڕەشەیەک لەلایەن داعش یان هەر رێکخراوێکی دیکە بکرێتە سەر مەسیحییەکان بۆ ئێمە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی کوردستان و بەوپەڕی تواناوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرەوڕووی هەر هەڕەشەیەک دەوەستێتەوە کە لە دژی پێکهاتەکان بێت". 

مەسیحییەکان هەرچەند دەڵێن شەڕناخوازن. بەڵام ئایندەی ناوچەی خۆیان خستووەتە ژێر دەستی شیعە. شیعەش بە بانگی ئاشکرا کوشتنی مەسیحییەکان بە جیهاد ناودەبەن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە