رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دوای گەڕانەوەی لە میسر و پێش ئەوەی سەرۆککۆمار واژۆ لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 بکات. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێداچوونەوە بۆ یاساکە و ئەو گۆڕانکارییانە بکات کە پەرلەمان لە یاساکەدا کردوونی، ئەگەریش هەیە لە دادگەی فیدڕاڵی تانە لە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە بدات. راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت: "پێداچوونەوەکە بۆ ئەوەیە بزانرێت پێچەوانەی کارنامەی حکومەت نییە." ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی تانەدان لە یاسای بودجەی هەیە."
رۆژی سێشەممە، 13-6-2023 هیشام روکابی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی یاسای بودجەی عێراق، کە رۆژی دووشەممە پەرلەمان پەسندی کرد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حکومەت پێداچوونەوە بە سەرجەم بڕگە و مادەکانی یاساکە دەکات بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لەوەی پێچەوانەی کارنامەی حکومەت نییە، دەبێت بزانرێت ئایا لەگەڵ کارنامەکە دەگونجێت یان نا."
رۆژی دووشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2023 پەرلەمان رەشنووسی بودجەی پەسندکرد، بەڵام بە دەستکارییەکی زۆرەوە. بەشێک لە گۆڕانکارییەکانیش پێچەوانەی مادەی 62ـی دەستووری عێراقن، کە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی عێراقی لەبارەی رەشنووسی بودجەوە بە سێ خاڵ سنووردارکردووە، ئەوانیش، "گواستنەوە لەنێوان دەروازە و بەشەکانی رەشنووسەکە، کەمکردنەوەی مادەکان، لەکاتی پێویستدا دەتوانێت پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بکات بڕی خەرجییەکانی بودجەکە زیاد بکات."
رۆژی 12ـی حوزەیران، محەممەد شیاع سوودانی بەبۆنەی پەسندکردنی یاسای بودجەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "حکومەت کار بۆ پێداچوونەوەی ئەو بڕگە و مادانە دەکات کە هەموارکراونەتەوە بۆ زانینی ئاستی گونجانی لەگەڵ تێڕوانینی حکومەت و ئامانجە پشتپێبەستراوەکانی لە کارنامە پەسەندکراوەکەی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە."
د. عەبدوللـەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق چەند رۆژێکە بە سەردانێک لە ئیتاڵیایە، چاوەڕوان دەکرێت دوای هاتنەوەی واژۆ لەسەر یاساکە بکات، پێش ئەوەی ئەو 15 رۆژەی دەستوور بۆی دیاریکردووە تاوەکو یاساکە پەسندبکات، بەشێک لە فراکسیۆنە کوردستانیش چاوەڕوانن دوای واژۆکردنەکەی سەرۆککۆمار لەبارەی چەند بڕگە و مادەیەک تانە لە یاساکە بدەن، لەنێویاندا لابردنی بڕگەی تایبەت بە گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی دیکەی عێراقیش باسی لە ئەگەری تانەلێدان لەو یاسایە بە هۆکاری جیا کردووە، بۆیە دوای پەسندکردنی رەنگە تانەکان لە یاساکە لە دادگەی فیدڕاڵی بە لێشاوبن.
رۆژی 15ـی ئاداری 2023، محەممەد شیاع سوودانی رەشنووسی بودجەی سێ ساڵەی عێراقی رەوانەی پەرلەمان کرد، بەڵام پەرلەمان لەو 67 مادەیەی حکومەت ناردی، جگە لە زیادکردنی چوار مادەی یاسایی، دەستکاری زیاتر لە 20 بڕگەی کرد و بەشێکیشیان لێکەوتەی دارایی لەسەر حکومەت هەیە، لەنێویاندا بڕیاری دامەزراندنی 150 هەزار کەس بەپێی مادەی 15ـی یاسای بودجە، بۆیە ئەگەری تانەلێدان لە یاسای بودجە لە دادگەی فیدراڵی یەکێک دەبێت لەو ئەگەرانەی کە رەنگە محەممەد شیاع سوودانی پەنای بۆ ببات و بەشێک لەو گۆڕانکارییانە بە نادەستووری و ناپەیڕەوی هەژمار بکات.
دارا سێکانییانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 13-6-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لە دادگەی فیدراڵی بە پاساوی پێچەوانەبوونی لەگەڵ کارنامەی حکومەت و نادەستووری بوون و ناپەیڕەوی بوونی بەشێک لە رووداوەکانی نێو دانیشتنی پەرلەمان، سکاڵا تۆماربکات، بەڵام دادگە یەکلایی دەکاتەوە ئەو تانانەی دروستن یان نا."
شەوی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکاریی بەسەر بەشێک لە مادە و بڕگەکانی بودجەی عێراق کرد، ئەوە ناڕازیبوونی بەشێك لە ئەندامەکانی لیژنەکە و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیشی لێکەوتەوە، رۆژی 06-06-2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاوکراونەتەوە کە باس لەوەدەکەن، وەزیری دارایی عێراق رازی بووە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گواستنەوە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بکات یان خۆی ئەو گۆڕانکارییە بکات.
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکرد ئەوەی باس دەکرێت پێچەوانەکەیەتی و ئەو بە گرنگییەکی زۆرەوە بەرگری لە تەواوی بڕگە و مادەکان دەکات کە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هاتوون. گوتیشی، ئەگەر هەر بڕگەیەک کە حکومەت دایناوە دەستکاری بکرێت، ئەوان تانەی لێ دەدەن.
وەزیری دارایی عێراق دووپاتیدەکاتەوە ئەوەی حکومەت دایناوە لە دەق و تەرخانکردنی پارەدا، هەمووی بەپێی لێکۆڵینەوە و پێویستیی وەزارەت و پارێزگاکان بووە، ئەوەش بەپێی دیدگەی حکومەت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 12-6-2023، دوای پێنج رۆژ لە مشتومڕ، پەرلەمانی عێراق گەورەترین بودجەی لەمێژووی خۆیدا پەسندکرد کە زیاتر 199 تریلیۆن دینار(153 ملیار دۆلار) دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ