رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر دوو سکاڵا کۆبووەوە کە لە دژی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون، بەڵام دادگە دانیشتنەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-07-2025، دادگەی فیدراڵی عێراق بۆ دوو سكاڵا کۆبووەوە، هەردووکیان تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان و سکاڵاکارەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان دەکرد، بەڵام دادگە دانیشتنەکەی لە بارەی ئەو دوو سکاڵایە بۆ 21-07-2025 دواسخت.
سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر عەبدوڵڵا فەتاح دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە. سکاڵاکار داوای پووچەڵکردنەوەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات، کە لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024 کرا.
هۆکاری سکاڵاکە ئەوەیە کە لەو دانیشتنەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، بەمەش دوای تێپەڕبوونی 45 رۆژ بەسەر پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پەرلەمان بەپێی یاسا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
داواکارییەکانی ئەم سکاڵایە بریتین لە: هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گەڕاندنەوەی هەموو مووچە و ئیمتیازاتێک کە 97 پەرلەمانتارە نوێیەکە وەریانگرتووە و پابەندکردنی کۆمیسیۆن بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی نوێ لە نزیکترین کاتدا.
سکاڵای دووەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و دوو ئەندامی دیکەی هەمان جووڵانەوە تۆمارکراوە.
ئەم سکاڵایە داوا دەکات دادگە بڕیار بدات کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبوو پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە پەرلەمان نەیتوانیوە سەرۆکایەتیی خۆی هەڵبژێرێت و متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدات.
سکاڵاکاران دەڵێن، ئەم دۆخە پێشێلکاریی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە کە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت متمانە بە حکومەت ببەخشێت.
نزیکەی 9 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان تەنیا یەک کۆبوونەوەی کردووە، تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، هەرچەندە لایەنەکان بەربژێریان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی هەبوو، بەڵام دەستەکە هەڵنەبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ