رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق هۆشداری دەداتە شوفێران و ئەو کەسانەی هەستیاریی هەناسەدانیان هەیە لەبارەی شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین کە سبەی عێراق دەگرێتەوە؛ شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، رۆژی شەممە کاریگەریی شەپۆلەکە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە دەردەکەوێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی هەینی عێراق رووبەڕووی شەپۆلێکی خۆڵبارین دەبێتەوە کە لە هەندێک ناوچەدا چڕییەکەی زۆر دەبێت."
بەگوتەی عامر جابری، ناوچەکانی رۆژئاوا، ناوەڕاست و باشووری رۆژئاوای عێراق دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە و چڕییەکەی لەنێوان مامناوەند بۆ چڕ دەبێت.
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی ئەم شەپۆلە، عامر جابری روونیکردەوە، بۆ هاتنی بارستەهەوایەکی مامناوەند دەگەڕێتەوە کە بایەکی چالاکی باکووری رۆژئاوای لەگەڵدایە و خێراییەکەی دەگاتە 50 تاوەکو 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. ئاماژەی بەوەش کرد، کاریگەریی شەپۆلەکە لە ناوچە بیابانی و کراوەکاندا بەهێزتر دەبێت و مەودای بینین بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی، رۆژی شەممە 16ـی ئایار، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە شێوەی پچڕپچڕ چالاکیی با و تۆز و خۆڵ بەردەوام دەبێت.
هەر لەو بارەیەوە، ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی گۆڕانی وەرزی و جیاوازییەکانی پلەی گەرما، لەم ماوەیەدا با چالاک دەبێت و ئێستا لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق خۆڵبارین بەدی دەکرێت.
ئاسۆ کەمال گوتی: "هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بای رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای عێراق، کە لەگەڵ خۆیدا تەپوتۆز هەڵدەگرێت. کاریگەرییەکەی زیاتر رۆژی شەممە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکووک."
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرچاوەی سەرەکیی ئەو خۆڵبارینە، سووریا و رۆژئاوای کوردستانە، بەتایبەتی ناوچەکانی دێرەزوور، رەقە، حەسەکە و قامشلۆ.
دەستەی کەشناسیی عێراق داوا لە هاووڵاتییان، بەتایبەتی شوفێرانی رێگاکانی دەرەوە و ئەوانەی نەخۆشیی رەبوو و هەستیارییان هەیە دەکات، رێکاری پێویست بگرنەبەر و ئاگاداری کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ