یەکەم ئارایشتگا لە موسڵ کرایەوە

16-02-2017
فەرمان عەبدولڕەحمان
"داعشەکان ژنیان دەهێنا بۆ ئەوەی بەنهێنی بیانڕازێنینەوە"
"داعشەکان ژنیان دەهێنا بۆ ئەوەی بەنهێنی بیانڕازێنینەوە"
نیشانەکردن ئارایشتگا موسڵ
A+ A-
رووداو - موسڵ 

هێشتا ئاسەواری حوکمی داعش بەسەر دیوارەکانی لای چەپی موسڵ ماونەتەوە، خەڵک ترسیان لە شانە نووستووەکانی داعش لە شارەکە هەیە، بەڵام ئەمە رێگر نەبووە لەوەی دوو ژن یەکەم ئارایشتگای ژنان بەئاشکرا بکەنەوە.  

کاتێک داعش موسڵی کۆنترۆڵکرد هەموو ئەو شوێنانەیان قەدەخەکرد، کە پەیوەست بوون بە دەرخستنی جوانییەکانی ژنان، بەڵام دوای زیاتر لە دوو ساڵ، جارێکی دیکە ئارایشتگای خانمان لەو شارەدا کرایەوە.

ئارایشتگای سەبایا، یەکەم ئارایشتگای خانمانە لە موسڵ لەدوای داعش، کە بەئاشکرا دەرگای بەرووی خانماندا کردووەتەوە و، لەلایەن دوو ژنەوە بەڕێوەدەبردرێت.

یەکێک لەو ژنانەی لە ئارایشتگاکە کاردەکات، نایەوێت رووخساری دەربکەوێت، بەڵام قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "هیوادارم خانمانی موسڵ بێ دوودڵی سەردانمان بکەن، جارێکی دیکە گرنگی بە جوانی خۆیان بدەنەوە، ئێمە یەکەم ئارایشتگاین لە شاری موسڵ و ئەمە سەرکێشییەکی گەورەیە، بەڵام ئارایشتگا خولیایەکی گەورەی ژیانمە".

ئەو ژنە هەروەها بۆ رووداو ئاشکرای کرد، پێش هاتنی داعش و تەنانەت لە ماوەی حکومکردنی داعشیش لە موسڵ، ئەوان هەر خەریکی کاری جوانکاری بوون، جیاوازییەکەی ئەوە بووە لەکاتی حوکمی داعش بە نهینی لە ماڵەوە کاریان کردووە.

ئەو ژنە هەروەها باسی ئەو کاتە دەکات، کە چەند چەکدارێکی داعش زانیویانە ئەوان لە ماڵەوە بە نهێنی ژنانیان رازاندووەتەوە، دەڵێ "ئێمە ئەوکاتە زۆر ترساین، کەچی ئەوان گوتیان چەند ئافرەتێکتان بۆ دێنین و بیانڕازێننەوە، ئێمە نەماندەزانی ئەوان هاوژینیانن یان نا، بەڵام لەترسی گیانی خۆمان نەماندەوێرا بپرسین".

ئەو دوو ژنەی ئارایشتگاکەیان داناوە، هەرچەندە لە شانە نووستووەکانی داعش لە موسڵ دەترسن، بەڵام بەو کارەیان تەحەدای داعشیان کردووە، ترسەکەشیان بێ هۆکار نییە، چونکە چەند رۆژێک لەمەوبەر دیارترین رێستۆرانتی موسڵ لەلایەن داعشێکی خۆوژەوە کرایە ئامانج.



داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار 




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە