سوودانی لە یادی کارەساتی هەڵەبجە: رێگە نادەین دیکتاتۆرییەت بگەڕێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان و پاراستنی سەروەریی وڵات. دەشڵێت، "رێگە نادەین دیکتاتۆرییەت بە هەر ناوێکەوە بێت بگەڕێتەوە."
 
رۆژی دووشەممە 16ی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە رایگەیاند، "ئەمڕۆ یادی ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە رژێمی تاوانباری بەعسی سەدامی دژی گەلی عێراق کردوونی؛ ئەو تاوانانەی لە هەموو خاکەکەماندا کران و بوونە هۆی شەهیدبوونی هەزاران کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، راپەڕینی شەعبانییە، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، شاڵاوەکانی ئەنفال و تیرۆرکردنی زانایان و هێزە ئایینی و نیشتمانییەکان."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات کە ئەمە لاپەڕەیەکی خوێناوی مێژووی عێراقە و دەڵێت، "ئەم یادە وەفادارییە بۆ شەهیدان و پاراستنی یادەوەریی نیشتمان و بونیادنانی داهاتوویەکە کە شایستەی قوربانیدانی ئەوان بێت."
 
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای رووخانی دیکتاتۆرییەت، عێراقییەکان بەردەوام بوون لە قوربانیدان کاتێک رووبەڕووی تیرۆر و تاوانەکانی پاشماوەکانی دیکتاتۆری و چەکدارانی داعش بوونەتەوە، کە بە گوتەی ئەو "درێژکراوەی تاوانەکانی رژێمی پێشوو بوون."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سوودانی بەڵێنی بە هاونیشتمانییان دا کە حکومەتەکەی بەردەوام بێت لە پاراستنی ئازادییە گشتی و تایبەتییەکان و گوتی، "ئەو قوربانیدانە گەورانە بوونە هۆی بەدەستهێنانی ئازادیی وڵات و کەرامەتی گەلەکەمان، کە ئەمڕۆ لە سایەی سیستمێکی دیموکراسیی فرەییدا دەژین و هەموو مافە دەستووری و یاساییەکانیان تێدا پارێزراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە