رووداو دیجیتاڵ
دادگەى فیدراڵى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک لەبارەى قەدەخەى خواردنەوە کحولییەکان دەکات، سکاڵاکاران داوایان کردووە دادگە لە بڕیارێکى خۆى پاشگەزبێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن چوار هاووڵاتیی کریستیانەوە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 16ى نیسان سکاڵاکە تاوتوێ دەکرێت.
سکاڵاکاران داویان کردووە بڕگەیەکى یاسای داهاتى شارەوانییەکان بە نادەستوورى بناسێندرێت، کە رێگرى لە مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکان دەکات، هەروەها داواشیان لەدادگەى فیدراڵى کردووە لە بڕیارێکى خۆى پاشگەز ببێتەوە، کە ساڵى رابردوو لەبارەى چەند سکاڵایەکى هاوشێوەوە دەریکردووە.
ساڵى رابردوود 12 سکاڵا لە دژی بڕگەیەکى یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق تۆمار کرا، کە هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکات، دادگە هەموو سکاڵاکانى یەکخست و لە 27ـی ئابى 2023، رەتیکردەوە، بەپاساوى ئەوەى دەرکردنى ئەو یاسایە "نادەستوورى" نییە.
یاساى داهاتى شارەوانییەکان لە ساڵى 2016 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا، بەڵام لە 20ـی شوباتى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە مادەی 14ـی یاساکە هاتووە کە "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت."
بڕگەی دووەمی ئەو مادەیەش سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن و پێبژاردنى دارایی دیاریکراوە، کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
سکاڵاکانى پێشوو لەسەر ئەو بنەمایەبوون، کە ئەو بڕگەیەى یاساى شارەوانییەکان پێچەوانەى بنەماکانى دەستوورە، تایبەت بە ئازادى و ماف تاکەکەسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ