رووداو- هەولێر
پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا لەبارەی عێراقەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە پڕۆژەبڕیارێكی دەركرد و تێیدا باسی گرنگی پلانی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری كوردستان كرد.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پەرلەمانی ئەوروپا ئاگادارە لە پلانی ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری كوردستان بۆ سەربەخۆیی و داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان دەكات پابەندبن بە پرۆسەیەكی گشتگیر كە رێز لە خواستی پێكهاتەكانی جگە لە كورد بگرێ.
ئاژگەیی دەڵێت "ئەم پڕۆژەبڕیارەی پەرلەمانی ئەوروپا هەنگاوێكی گرنگە و ئاماژەیەكە بۆ گۆڕانێكی جەوهەری لە هەڵوێستی پەرلەمانی ئەوروپادا كە تاوەكو ئێستا بەردەوام جەختی لە سەر یەكپارچەیی عیراق دەكردەوە، بەڵام پێدەچێ ئێستا دید و هەڵوێستێكی واقیعبینانەی هەبێت".
نوێنەری حكومەت لە یەكێتیی ئەوروپا روونیدەكاتەوە، لەم پڕۆژەبڕیارەدا ئەوەی بە پلەی یەكەم بەدیدەكرێ لەخۆنەگرتنی چەمكەكانی یەكپارچەیی خاكی عێراق و سەرەوەی عێراقە، "كە ئەمەش بێگومان دەستبەردانە لەو هەڵوێستەی پەرلەمانی ئەوروپا كە لە 10 ساڵی رابردوودا بە شێوەیەكی بەردەوام و جێگیر بەرامبەر عێراق هەیبووە".



