دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لە دژی کڕینی گازی هەرێمی کوردستان دواخست

17-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لە دژی کڕینی گازی سرووشتیی کێڵگەی کۆرمۆری هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دواخست.
 
رۆژی یەکشەممە 17ى ئەیلوولی 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێکردنی سکاڵایەکی عودەى عەواد، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقی بۆ 15ی ئۆکتۆبەری داهاتوو دواخست، کە لە دژى هەریەک لە سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرانى نەوت و دارایی تۆماری کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق بۆ کڕینى گازى سرووشتیى کێڵگەى کۆرمۆرى ناحیەى قادرکەرەم لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى لە هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ دادگە یەکەم دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە کرد و بڕیاری دا بۆ رۆژی 15ی ئۆکتۆبەر دوایبخات.
 
سکاڵاکە ژمارە 182ی فیدراڵیی 2023ی هەیە، لە دژی رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق تۆمار کراوە، کە بەهۆی بڕیاری ژمارە 23392ی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، لە بڕیارەکەدا رەزامەندیی وەزارەتی نەوت وەرگیراوە بۆ کڕینی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر.
 
رۆژی 13ى تەممووزى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى نەوت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆرى هەرێمى کوردستان.
 
کڕینى ئەو گازە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیی ئەو وێستگانەی کارەبایە کە بە گازى سرووشتى کار دەکەن.
 
رۆژی 16ى تەممووزى 2023 زیاد عەلى فازڵ، وەزیرى کارەباى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ لیژنەى کارەبا و وزەى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، تاوتوێى ئەوە دەکەن ئەگەر گازى زیادە لە هەرێمى کوردستان هەبێت، دەتوانن بۆ خستنەگەڕى چەند یەکەیەک سوودى لێ ببینن و ئەو بڕە گازە سرووشتییەى دەیانەوێت بیکڕن، دەگاتە 80 ملیۆن مەتر سێجا.
 
عێراق پێویستى بە 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان نزیکەى 26 هەزار مێگاواتە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ کڕینى کارەبا دەبات لە کەرتى تایبەت.
 
بەشێکى زۆرى سەرچاوەى کارەباى عێراق ئەو وێستگانەیە کە بە گازى سرووشتى کار دەکەن. عێراق لە 12ى تەممووزى 2023 رێککەوتنێکى لەگەڵ ئێران واژۆ کرد بۆئەوەى گازى سرووشتى لەو وڵاتەوە هاوردە بکات بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا و لە بەرامبەردا نەوتى بداتێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە