سەرۆککۆمارى نوێى عێراق دەستبەکار دەبێت

17-10-2022
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ 17ى تشرینى یەکەمى 2022، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى نوێى عێراق بە فەرمى دەستبەکار بێت.
 
سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق رۆژی 16ى تشرینی یەکەم رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 17ى تشرینى یەکەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار بە فەرمى لە کۆشکى سەلام دەستبەکار دەبێت.
 
دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆمار دوای ئەوە هات رۆژی 13ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ کۆبووەوە. 
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن. لە گەڕی دووەمدا 269 ئەندامی پەرلەمان ئامادە بوون و دکتۆر لەتیف رەشید بە دەنگی 162 پەرلەمانتار وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا. دکتۆر بەرهەم ساڵحیش 99 دەنگی بردەوە؛ 8 دەنگی بەتاڵیش هەبوون.
 
لەتیف رەشید دەبێتە چوارەم کەسایەتى سیاسیی کورد کە لە ساڵى 2003 ئەو پۆستە وەربگرێت، دوای هەریەک لە جەلال تاڵەبانى، فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح پێشتر سەرۆککۆمار بوون.
 
 
دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار
 
دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار عێراق لە ژمارەیەک بڕگە و ماددەکانی دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005ـی عێراقدا باسکراون، لەوانە ماددەکانی (58، 60 ،61، 64، 73، 78، 81 )کۆمەڵێک دەسەڵاتی هەن لەوانە:
 
- پارێزگاریکردن لە دەستووری عێراق و سەربەخۆیی و یەکێتی و سەلامەتیی خاکەکەی.
 
- داواکردنی کۆبوونەوەی نائاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بابەتێکی گرنگ کە لەسەر گۆڕەپانی عێراقی یان نێودەوڵەتی رووبدات. 
 
- داواکردنی درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی عێراق لەماوەیەک لە مانگێک زیاتر نەبێت.
 
- پێشکێشکردنی پڕۆژەیاسا.
 
- پێشکێشکردنی داواکاری بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆکوەزیران.
 
- پەسندکردنی داوای سەرۆکوەزیران لەبارەی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان.
 
- بانگهێشتکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران خۆی هەڵوەشاندەوە.
 
- راسپاردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
- جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرۆکوەزیران ئەگەر پۆستەکە چۆڵ بێت.
 
- دەتوانێت لەگەڵ سەرۆکوەزیران پێشنیازی هەموارکردنەوەی دەستوور بکات و لە ماوەی حەوت رۆژدا پەسەندی بکات.
 
- دەرکردنی لێخۆشبوونی تایبەت لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران، جگە لەوەی پەیوەندیی بە مافی تایبەتەوە هەیە، لەگەڵ ئەوانەی بە تاوانی نێودەوڵەتی و تیرۆر و گەندەڵی دارایی و کارگێڕی سزادرابێتن.
 
- پەسندکردنی پەیماننامە و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لەدوای پەسندکردنیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە پەسندکراویش هەژماردەکرێن دوای 15 رۆژ لە رۆژی وەرگرتنییەوە. 
 
- پەسندکردنی ئەو یاسایانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندیان دەکات، بە پەسندکراو هەژماردەکرێت دوای تێپەڕبوونی 15 رۆژ لە رۆژی وەرگرتنییەوە.
 
- بانگێشتکردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو بۆ کۆبوونەوە لە ماوەی 15 رۆژ لەدوای پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن. 
 
- بەخشینی مەدالیا و نیشان لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران
 
- قبووڵکردنی باڵیۆزەکان.
 
- دەرکردنی مەرسوومەکانی کۆماری
 
- پەسندکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدان کە لەلایەن دادگە تایبەتمەندەکانەوە دەردەکرێن
 
- ئەرکی فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان بۆ کاروباری تەشریفایەتی و ئاهەنگسازی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی پێشانگاکە.

پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی عێراق بەڕێوەدەچێت

پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی عێراق لە بەغدا بە بەشداری وەشانخانەی 23 وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، ئەورووپی و ئەفریقی دەستیپێکردووە و 10 رۆژ بەردەوام دەبێ.