کازمی بۆ شاندی هەرێمی کوردستان: تەنیا ئەو دەقە جێبەجێ دەکەین کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە

18-03-2021
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
 کۆبوونەوەی مستەفا کازمی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 09-09-2020. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی مستەفا کازمی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 09-09-2020. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو مستەفا کازمی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و، جەختی لە جێبەجێکردنی ئەو دەقە کردووەتەوە کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستانی داناوە و هەموو دەق و پێشنیازێکی دیکەش رەت دەکاتەوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە: "مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە شاندەکەی راگەیاندووە تەنیا دەتوانێ ئەو دەقە جێبەجێ بکات کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا لەبارەی پشکی کوردستان دایناوە، جگە لەوە ناتوانێ هیچ دەقێکی دیکە جێبەجێ بکات."
 
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسنکردنی بودجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەنگە ئەمساڵ بودجە هەر پەسند نەکرێت، لە ساڵی 2019ـش لە مانگی 10 پەسندکرا و لە ساڵی 2020 بودجە هەر پەسندنەکرا." بڕیار دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق هۆکاری پەسندنەکردنی بودجەش بۆ ناکۆکییە سیاسییەکان دەگەڕێنێتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەحمەد سەفار رایگەیاند: "کازمی پێی گوتوون کار لەسەر ئەو دەقە دەکەن کە لەسەری رێککەوتوون، چونکە ئەو دەقە لەسەر ئەنجامی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بووە".
 
بەشێک لە لایەنە شیعەکان پەسندکردنی بودجەیان بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی بەستووەتەوە، ئەحمەد سەفار لەو بارەوە دەڵێت: "لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییدا هاتووە کە دەبێت بودجە لە دانیشتنێکی دیاریکراودا پەسندبکرێت و نابێت لەگەڵ بابەتی دیکە تێکەڵبکرێت".
 
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدان، هەرچەندە تاوەکو ئێستا دیار نییە هیچ کۆبوونەوەیەک دەکەن یان نا، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بە هیچ دەقێکی دیکە رازی نەبێ جگە لەو دەقەی کە لە حکومەتی عێراقەوە هاتووە و هەردوو حکومەت لەسەری رێککەوتوون.
 
سەرچاوەیەک بە رووداوی راگەیاند: "کازمی هەمان شتی بە لایەنە شیعەکان گوتووە و پێی گوتوون ناتوانێ پێشنیاز و دەقی دیکە جێبەجێ بکات."
 
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی چوونەتەوە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان و پرسی پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی.
 
لە ماددەی 11ـی پرۆژەیاسای بودجەدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان هاتووە: "هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، پێویستە داهاتی نەوتیی و نانەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، لە بەرامبەدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەنێردرێت کە بە زیاتر لە 11 تریلیۆن دینار دادەنرێت".
 
هێشتا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیرنەکراوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە لیژنەی دارایی دەستیکەوتووە، لیژنەکە ئامادە نییە بەبێ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان بودجە بخاتە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان، لیژنەکە چاوەڕێیە دەقێک لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان جێگیربکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە