کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 6 بۆ 7 مانگ کاتمان پێویستە

18-06-2023
نەهرۆ محەممەد
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامادەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. دەشڵێت، هەڵبژاردنەکە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنەکە دیاری نەکراوە.
 
جومانە غەلاوی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 18-06-2023 لە کاتی بەشداریکردنی گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق داوای کرد کۆمیسیۆن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات و ئەوانیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەو داواکارییە، بەڵام دوای دابینکردنی پێداویستیی بەڕێوەبردن و دارایی، چونکە پرۆسەکە پێویستی بە لایەنی ئیداری، تەکنیکی و داراییە، لەگەڵ ئەوەشدا نووسراوێک ئاراستەی کۆمیسیۆن بکرێت تاوەکو هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە؛ بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری نەکرا، بەڵام کۆمیسیۆن ئامادەیە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
بە گوتەی جومانە غەلای، "لە کۆبوونەوەکەدا دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵبژاردنەکە بە شێوەی ئەلکترۆنی و بە کارتی دەنگدان بەڕێوەدەچێت" و دەشڵێت، "بۆ ئەو مەبەستە تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق هەیە، کۆمیسیۆن تۆماری دەنگدەران نوێ دەکاتەوە، ناوی ئەوانە تۆمار دەکات کە یەکەمجارە تەمەنیان رێگە دەدات بەشداریی هەڵبژاردن بکەن."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسینگەی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەیە، جومانە غەلای دەڵێت، "دوای دابینکردنی پێویستییەکان و ناردنی نووسراوی فەرمی، کۆمیسیۆن 6 بۆ 7 مانگی پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن. هەڵبژاردنیش بەپێی یاسای ژمارە یەکی هەڵبژاردنی ساڵی 1992ی هەموارکراوی ساڵی 2013 بەڕێوەدەچێت، پێویستە رێکخستن، رێکار و رێنوێنیی پێویست دەربکرێت بۆ مادە و بڕگەکانی یاساکە، لەنێویدا کۆمیسیۆن رێکاری گونجاو دابنێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان."
 
بەم شێوەیە هەڵبژاردن بە یەک بازنە دەبێت و کورسیی کۆتاکانیش بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، کە خاڵی سەرەکیی ناکۆکی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.
 
لەبارەی یەکلاکرنەوەی وادەی هەڵبژاردن، جومانە غەلای گوتی، "دیدار و کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆن بەردەوامە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی وادەی هەڵبژاردن و دابینکردنی پێویستی و بودجەی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن."
 
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، "کۆمیسیۆن پابەندە بەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەمساڵ بەڕێوەببات، کە لە 20ی مانگی 12 تێنەپەڕێت. ئامادەیە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بەڕێوەببات و بەپێی خشتە کارەکانی بەردەوامە، بەڵام دەبێت پێداویستییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ دابین بکرێت."
 
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2023 تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار بۆ کۆتایی 2023 درێژکرایەوە؛ چونکە بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی لایەنەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە فرە بازنەیی، نەتواندرا رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
دواتر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام رۆژی 30ی ئایاری 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا، کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان "نادەستوورییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە