حکومەتی عێراق مووچەی پۆستە بە وەکالەتەکان رادەگرێت

18-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق سەرجەم ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیانە ئاگادار دەکاتەوە، کە بە وەکالەت بەرێوەدەبرێن، ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی 11ی ئەمساڵ پۆستەکانیان پڕ نەکەنەوە، ئەوە مووچەی پۆستە بە وەکالەتەکە رادەگرێت.
 
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارتى دارایی عێراق کە لە 16ى ئابى 2023 ئاراستەى سەرجەم وەزارەتەکانى کردووە، داوای لێکردوون تاوەکو 30ى تشرینى دووەمى 2023 سەرجەم شایستەى دارایی و دەسەڵاتى کارگێڕى ئەو دامەزراوانە رابگریێت کە بەشێوەى وەکالەت بەڕێوە دەبرێن.
 
ئەو نووسراوەى وەزارەتى دارایی عێراق لەسەر بنەماى مادەى 71ى یاسای بودجەى عێراقە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى پرسی بەڕێوەبردنى پۆستى دامەزراوەکانى حکومەت بە وەکالەت.
 
بەگوێرەى ئەو مادەیە، کۆتاییهێنان بە پۆستى وەکالەت، سەرۆکى دەستە سەربەخۆکان و پلە تایبەتەکانى جۆرى ئەلف و بێ و بریکارنى وەزارەتەکان و راوێژکاران دەگرێتەوە، کە پێویستە 30 رۆژ بەر لە 30ى تشرینى دووەم ئەنجوومەنى وەزیران بەربژێرى ئەو پۆستانە بنرێرێت بۆ پەرلەمان و  لە ماوەى 30 رۆژدا لەپەرلەمان دەنگ لەسەریان بدرێت.
 
رۆژی 18ى ئابى 2023، چیایی تەیمور، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: دەبێت ئەو بەربژێرانە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بە وەکالەتەکان دەستنیشان دەکرێن، لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت و بەرلەوەش سییڤیەکانیان لەلایەن حکومەتەوە رەوانە بکرێت.
 
چیایی تەیموور گوتی: "ئەو پۆستانەى لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدرێت بۆ کۆتاییهێنان بە پۆستى بە وەکالەت، لە بریکارى وەزارەتەکانەوە دەگرێتەوە تاوەکوو ئەو پۆستانەى لە پلەى وەزیردان." گوتیشى: "زۆینەى ئەو پۆستانە لەسەردەمى حکومەتى پێشووى عێراقدا بە سەرۆکایەتى مستەفا کازمى کراون بە وەکالەت و حکومەتى ئێستاى عێراق بڕیاری دا کە ئەو پۆستانە یەکلابکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە