رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەسرە، بەفەرمی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەی گیانلەدەستدانی بان زیاد، خانمە پزیشکى دەروونى، ئاگادار کردەوە و رایگەیاند، نەکوژراوە و خۆی کوشتووە، ئەو دەستەواژەیەى لەسەر دەرگاى دەستشۆرى ژوورەکەشى بە خوێن نووسراوە، دەستوخەتى خۆى بووە.
ئەو دادگەیە لە 18ی ئابی 2025، بە نووسراوی فەرمی، راپۆرتی لێکۆڵینەوەی لەو رووداوە بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران ناردووە، کە پشتی بەستووە بە راپۆرتی دادپزیشکیی لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو خانمە پزیشکەوە.
بان زیاد تاریق ئیسماعیل، پزیشکێکی دەروونی بوو لە پارێزگای بەسرە، لە 4ی ئاب لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا. دوای ئەوە گومان لەسەر شێوازی گیانلەدەستدانەکەی دروست بوو، بەوەی ئەگەر هەیە رووداوەکە کوشتن بووبێت، نەک خۆکوشتن.
سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەسرە لە نووسراوەکەیدا، ئاماژەی بەوە داوە کە راپۆرتەکەی پشتی بەستووە بە ئەنجامی پشکنینی خوێن و ئەو تاڵە قژانەی لە شوێنی رووداوەکە هەڵگیرابوونەوە. هەروەها نووسینێک لەسەر دەرگاى دەستشۆری ژوورەکەی بان زیاد بە خوێن نووسراوە "خودا دەیەوێت"، کە دوای بەراوردکردن بە دەستوخەتی پزیشکەکە، دەرکەوتووە هاوشێوەن.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەکاتی وەرگرتنی گوتەی دایک و باوکی، ئاماژەیان بەوە داوە کە کچەکەیان بەهۆی گوشاری دەروونییەوە خۆی کوشتووە و سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک نەبووە.
یەکێک لەو بەڵگانەی دیکە کە دادگە باسی کردووە، تۆمارێکى دەنگییە لە نێوان بان زیاد و پزیشکێک بە ناوی (عەباس عەلی) لە شەوی رووداوەکە، کە گوایە پێی راگەیاندووە "کەس خۆشی ناوێت و لە ژیاندا ئاسوودە نییە."
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، دادگە ئاماژەی بەوە داوە کە بە پشتبەستن بەو لێکۆڵینەوە و بەڵگانە، بڕیاری داوە پەڕاوی ئەو رووداوە دابخرێت و ئەو تۆمەتبارەی لەسەر ئەو پرسە دەستگیرکرابوو، ئازاد بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ