رووداو دیجیتاڵ
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق پاڵپشتیی خۆیان بۆ کۆمەڵێک پێشنیاز دەربڕی بەمەبەستی گەرەنتیکردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پێشکەش کرابوون.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە 18ـی ئابی 2025 دەرچووە و واژۆی هەریەک لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەسەرە، داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کراوە ئەو پێشنیازانە پەسندبکات و سزای ئەو کەسانە بدات سەرپێچی دەکەن.
پێشنیازەکان شەش خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرن:
1- جەختکردنەوە لە پابەندبوون بە یاسای بودجەی فیدراڵی لە رێگەی راگرتنی دامەزراندنەوە.
2- مامەڵەکردن لەگەڵ دابەشکردنی زەوی بەپێی رێکارە یاساییەکان و دوور لە بەڵێنی هەڵبژاردن.
3- راگرتنی دەرکردنی سوپاسنامەی بەکۆمەڵ بۆ فەرمانبەران لەلایەن سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکان و پارێزگاکانەوە.
4- دانانی رێکاری تووند بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی توانای مرۆیی و مادیی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
5- دانانی میکانیزمێک بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی پێگەی وەزیفی لەلایەن بەڕێوەبەر و بەرپرسانەوە بۆ بانگەشەکردن بۆ بەربژێری دیاریکراو.
6- داوا لە بەرە سیاسییەکان و بەربژێرەکان دەکرێ کە پڕۆگرامی سیاسیی روونیان هەبێ و لە بەکارهێنانی زمانی ناوزڕاندن، تائیفی و رەگەزپەرستی دووربکەونەوە.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ