عێراق 21 رۆژی جەنگی بە حکومەتی کاربەڕێکەر بەڕێکرد؛ شەش کەس بە سکاڵاوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەچنە دادگە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

21 رۆژى جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تێپەڕی و پریشکى ئاگرەکەی عێراقی گرتەوە، لەکاتێکدا حکومەتەکەی زیاتر لە چوار مانگە دوای هەڵبژاردن کاربەڕێکەرە؛ شەش کەس چوار سکاڵا دەبەنە بەردەم دادگەی فیدراڵی بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە کلیلە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
 
ئەو جەنگەی لە 28ی ئادارەوە لە ناوچەکە دەستی پێکردووە، عێراقی خستووەتە بەردەم هێرش و هێرشی بەرامبەری ناوخۆیی لە نێوان سوپای ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
ئەو دۆخە حکومەتی ئێستای دەستەوستان کردووە لە کڕینی ئەو کەرەستە سەربازییانەی بتوانێت ئاسمانەکەی بپارێزێت، کە لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەوە بۆ هێرشکردنە سەر یەکدی بەکاردەهێنرێن.
 
شەش رۆژ دوای هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی 2025، دادگەی فیدراڵی لە بڕیارێکدا ئەو کارانەی دیاریکردووە کە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت ئەنجامیان بدات، لەوانە: ئەنجامدانی ئەو گرێبەستانەی کاریگەریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییان لەسەر وڵات هەیە.K پێشنیازکردنی پڕۆژەیاسا، وەرگرتنی قەرز و دامەزراندن لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەت یان لەسەرکارلادانیان.
 
دەرچوون لە قۆناخی حکومەتی کاربەڕێکەر پێویستی بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە، تاوەکو ئەویش بەربژێری سەرۆکوەزیرانی گەورەترین فراکسیۆن دیاری بکات بۆ ئەوەی حکومەتی نوێ بە تەواوی دەسەڵاتەکانییەوە پێکبهێنێت، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنراوە.
 
لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 خولی نوێی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی کرد؛ بەگوێرەی دەستوور دەبێت لە 30 رۆژدا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ، سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردراوە.
 
ئێستا چوار سکاڵا لە دادگەی باڵای فیدراڵی لەلایەن شەش کەسەوە تۆمارکراون بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؛ یەکێکیان لەلایەن دوو بەربژێری دوورخراوەی ئەو پۆستە و یەکێکى دیکەیان لەلایەن بەربژێرێکی پەسندکراوی سەرۆککۆمارەوە تۆمارکراون.
 
هەموو سکاڵاکان لە خاڵێکدا هاوبەشن کە داوا لە دادگەکە دەکەن ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە چارەسەر بکرێت.
 
رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراق کە یەکێکە لەو کەسانەی سکاڵای تۆمارکردووە، بە رووداوی گوت: "وادە دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تێپەڕیون کە بنەمای پێکهێنانی حکومەتە؛ حکومەتی ئێستاش کاربەڕێکەرە و لەم دۆخە هەستیارەی عێراق و ناوچەکەدا دەسەڵاتی نییە، لەبەر ئەوەیە سکاڵامان تۆمارکردووە کە ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە."
 
دادگەی فیدراڵی رۆژانی 4 و 14ی نیسانی دیاریکردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایانە کە تێیاندا داواکراوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناچار بکات دانیشتنێکی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریبکات و رێکارە دەستوورییە پێویستەکان بگرێتەبەر.
 
لە 12ی شوباتەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی دادگەی فیدراڵی کردووە بۆ شرۆڤەکردنی ئەو ماوە یاساییەی دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڵام  بەفەرمى وەلامدانەوەکە یەکلا نەبووەتەوە، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا پەرلەمانتاران لەبارەی ئەو شرۆڤەیەی دادگەی فیدراڵییەوە ئاگادار نەکراونەتەوە."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە