رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی لێدوانەکانی بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەکات سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و بە گوتارێکی "ژەهراوی" ناوی بردووە.
هەینی، 20ی ئاداری 2026، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی چەند لێدوانێکی بەها ئەعرەجی بڵاوکردەوە، کە لە کۆبوونەوەی 17ی ئاداری پەرلەمانی عێراقدا دابووی.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو لێدوانانە دەکەن و بە "دابەزینێکی قبووڵنەکراوی گوتاری سیاسی لەژێر چەتری پەرلەماندا" وەسفی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی گوتراوە تەنیا جیاوازیی بیروبۆچوون نەبووە، بەڵکو گوتارێکی ژەهراوییە و بێڕێزییەکی راشکاو بە بنەما دەستوورییەکان نیشان دەدات؛ هەوڵێکی بێهودەیە بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە سەروەرییەکانی و ناساندنی سەرکردەکانی بە سیفەتی کارگێڕی کە لەگەڵ پێگە دەستوورییەکەیان ناگونجێت."
بەها ئەعرەجی، کە سەرۆکایەتى فراکسیۆنەکەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکات، لە گوتارەکەیدا لە پەرلەمان دەڵێت، دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەى دەستوور لە ئاستی دەسەڵاتی پارێزگار عێرقدایە و وەزیری سامانە سروشتییەکانیش لە ئاستی بەڕێوەبەرێکی گشتیدایە و دەبێت فەرمان لە حکومەتی فیدراڵییەوە وەربگرن و لەمەودوا لەسەر ئەو بنەمایە کار بکەن.
فراکسیۆنی پارتی رایگەیاندووە، ئەم تێڕوانینە پێشێلکردنی روونی ماددەکانی (112، 114، 115، 116، 117، 121)ی دەستوورە، کە پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستانیان لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی هاوسەنگ نەک پاشکۆیەتی رێکخستووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "بەردەوامبوون لەم گوتارە دوژمنکارانەیە تەنیا خزمەت بە دوژمنانی عێراق دەکات و هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکدانی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی کە کۆمان دەکاتەوە. دەبێت تێبگەن کە سەردەمی ناوەندگەرێتیی چەوسێنەر بەبێ گەڕانەوە کۆتایی هاتووە."
فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی ئەو کۆبوونەوەی پەرلەمانی کرد، کە تێیدا میوانداریی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و چەند بەرپرسێکى دیکەی ئەو وەزارەتە کرا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ