رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستکردنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئایار، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، "سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەڵام ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتە بەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە".
وەزارەتەکە دەڵێت، "سامانی نەوت موڵکی سەرجەم نەوەکانی گەلی عێراقە و هەر وەبەرهێنانێک لەو سامانەدا دەبێت لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت".
وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوەشداوە، کە وەزارەتەکەیان "بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، پووچەڵبوونی ئەو گرێبەستانە دووپات دەکاتەوە".
رۆژی دووشەممە، 19-5-2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتن، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.
هەردوو کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و HKN Energy پێشینەی کاریان لە هەرێمی کوردستان هەیە و خاوەنی وەبەرهێنانن.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دوو گرێبەستە، بەتایبەتی گرێبەستی تایبەت بە کەرتی گاز، دەبنە هۆی زیادکردنی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز. وەزیری سامانە سرووشتییەکان جەختیشی کردەوە کە "بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی گازەوە، بەرهەمی کارەباش زیاد دەکات،" ئەمەش وادەکات ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەهێزتر بکرێت.
ئێرک ستۆر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی نەوت و گاز لە کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، بە رووداوی راگەیاند: "پێمان وایە ئەمە کێڵگەیەکە کە پێویستە پەرەی پێبدرێت، دەتوانێت ئاستێکی بەرچاوی گازی سروشتی و نەوت بەرهەمبهێنێت. ئەو گازە سرووشتییەش لە ناوچەکە دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، دەتوانێت کارەبا بەشێوەی 24 کاژێری لە رۆژێکدا دابین بکات. پێمان وایە سوودی زۆری دەبێت بۆ کۆمەڵگاکە و ناوچەکەش".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ