شاخەوان عەبدوڵڵا: هەموو فراکسیۆنەکان لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی مادەی 140 یەکدەنگن

20-07-2023
پەیمان محەممەد
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی شاخەوان عەبدوڵلا.
کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی شاخەوان عەبدوڵلا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکەم کۆبوونەوە بۆ کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق لە پەرلەمان بەڕێوەچوو. جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، "سەرجەم کوتلە سیاسییەکان لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140 و پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی رژێمی روخێنراوی بەعس یەکدەنگن". 
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-07-2023، دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوە بۆ کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 لە پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرپەرشتیاری کۆبوونەوەکە، لە کۆنگریەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لە ئاکامی چەند مانگ گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، دوای نزیکەی 12 ساڵ لیژنەکەمان کارا کردەوە.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی مادەی 140ـی پەرلەمانی عێراقە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم لیژنەیە بۆ گەڕاندنەوەی مافی ئەو کەسانەیە کە لە سەردەمی رژێمی بەعس زەوییەکانییان داگیرکرابوو و لە شوێنی خۆیان دەرکرابوون، هەروەها بۆ هەندێک لە ئاوارەکان و ناوچەکانی دیکەش لە باشووری عێراق کە زەرەرمەندی ئەم سیاسەتە بوون، لیژنەیەکی گرنگە.
 
وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، ''ماوەی چەند ساڵێک بەهۆی نەبوونی ئەم لیژنەیە و چاودێری لەسەر کاری حکومەت، هەم زەرەرمەندان بەپێی مادەی 140 قەرەبوو نەکراونەتەوە و هەم لە پەرلەمانیش ئەو پڕۆژەیاسایانەی گرنگن بۆ گەڕانەوەی مافی خاوەن مافەکان، دەرنەچوونە.''
 
هەفتەی رابردوو، پڕۆژەیاسای پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر درا، شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە دەڵێت، ''یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە لە پەرلەمان ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە لەنێو پەرلەمانیش جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی زەوییەکان بگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.''
 
ئەم لیژنەیە پێکهاتووە لە نوێنەرانی کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی و سەرجەم پێکهاتەکان، بۆیە هەر بڕیارێک لەم کۆبوونەوەیەدا دەربچێت، لە پەرلەمان کێشەی بۆ دروست ناکرێت، بەگوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ''سەرجەم کوتلە سیاسییەکان لەسەر ئەوە یەکدەنگ بووین کە پڕۆژەی پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی رژێمی رووخێنراوی بەعس زۆر گرنگە و دەبێ پشتگیری بکرێت و زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.''
 
جگە لە لیژنەی پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لیژنەیەکی حکومی بە سەرپەرشتیی هادی عامری بۆ بەدواداچوونی کاروباری جێبەجێکردنی مادەی 140 پێکهێناوە، شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە ئاماژەیدا، ''ئەم لیژنەیە چاودێریی کاری لیژنەی حکومیش دەکات، بۆ ئەوەی قەرەبووی زەرەرمەندان وەکو خۆی بکرێتەوە و هەوڵیش دەدەین چوارچێوەی کاری لیژنەی حکومی دابنرێت بۆ ئەوەی بەپێی یاسا مامەڵە بکەن.''
 
سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کۆبوونەوەی هەفتانەی لیژنەکە بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت و سەرجەم هاوکارییەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقیش، بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی مادەکە، دەخرێنەڕوو.
 
پێشتر، بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 و قەرەبووکردنەوەی زەرەرمەندان 100 ملیار دینار دیاری کرابوو، بەڵام بەرلە پەسندکردنی یاسای بودجە، 100 ملیار دیناری دیکەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ قەرەبووکردنەوە زیادکرا. 
 
بەگوێرەى ئامارێک کە تۆڕی میدیایی رووداو مانگی رابردوو لە لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 دەستیکەوتووە، لە هەر سێ نووسینگەى کەرکووک و خانەقین و شنگال 68,148 خێزانى ئاوارە قەرەبوو کراونەتەوە کە 39.4%ى تێکڕاى مامەڵەى ئاوارەکانە، لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەى 15,746 خێزانی عەرەبی هاوردە لەو ناوچانە کە دەکاتە 58.5%ى تێکراى مامەڵەى عەرەبە هاوردەکان.
 
ژمارەى مامەڵەى ئەو خێزانە ئاوارانەى کە لەلاى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140 ماون و قەرەبوویان وەرنەگرتووە 104,418 خێزانە، لە کاتێکدا مامەڵەى 10,157 خێزانى عەرەبی هاوردە ماوە کە قەرەبوو بکرێنەوە بۆئەوەى بگەڕێنەوە ناوچەکانى پێشووى خۆیان.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە