رووداو - بەغدا
حیزبی دەعوە تاریق نەجم بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر دەکات، بە گوێرەی زانیارییەکان تاریق نەجم لە دەرەوەی عێراق گەڕاوەتەوە و بڕیارە ئەو لیژنە ھابەشەی لە نێوان ھەردوو کوتلەی چاکسازی و بونیاد پێکھێنراوە لە چەند رۆژی داھاتوودا تارق نەجم بە فەرمی وەک تاکە کانید بۆ سەرۆکوەزیران رابگەیێنن.
حیزبی دەعوە کە 15 ساڵە فەرمانڕەوایەتی عێراق دەکات خۆی بۆ خولێکی دیکەش ئامادەکردوە، تارق نەجم کە کەسایەتییەکی دیاری نێو ئەو حیزبەیە کراوەتە بەربژێریان تا سەرۆکایەتی چوار ساڵی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران
وەربگرێت.
رووداو زانیویەتی تارق نەجم لە دەرەوەی عێراق گەڕاوەتەوە و ئێستا لە کەربەلایە و لاری نەبوونی سیستانیشی پێدراوە.
نایف شەمەری، پەرلەمانتار دەڵێت: "دەمانەوێت سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق توانای ئەوەی ھەبێت عێراق لەو نەھامەتیانە رزگارباکات، تاوەکو ئێستا چەندین ناو خراونەتە روو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران ئەوەی کە گرنگە و
ئێمە دەمانەوێت رێککەوتن ھەبێت لەسەر کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەک کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لە سەر حکومەتی عێراق بدەین".
شەقامی موتەنەبی وەک ھەمیشە جممەی دێت لە خەڵک، زۆربەی ئەوانەی بە تایبەتی رۆژانی ھەینی دێنە شەقامەکە سەروکاریان لەگەڵ سیاسەتە، باس باسی ھەڵبژاردنی کەسێکی نوێیە بۆ سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق، لەگەڵ ئەو کەسایەتیانەی بەغدا رووداو ئەو پرسەی گەنگەشەکرد، بەشێکیان گەژبین و ھەندێکیشیان بێ ئومێدبوون لەوەی کە حیزبەکان رێکبکەون لەسەر ئەوەی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابێنێن.
جەودەت کازم، نووسەر دەڵێت: "دەمانەوێت لایەنەکان زۆر بە وردی ئەو بابەتە تاوتوێ بکەن، ئەویش لەپێناو ئەوەی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابنرێت، ئەگەر کەسێکی شیاو دابنرێت ئەوەدەگەیەنێت کە ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی
عێراقی تازە بەرەو پێشەوە ببەن".
تارق نەجم عەبدوڵڵا سەعداوی کێیە ؟
- لە ساڵی 1945 لە ناسرییە لەدایکبووە
- بڕوانامەی دکتۆرای لە زمانی عەرەبی ھەیە
- لە دوای 2003ـەوە لەبەریتانیا گەڕایەوە بەغدا
-وەک بەپرسی کاروباری کارگێڕی سەرۆکی حکومەت لە کابینەکەی ئیبراھیم جەعفەری دەست بەکاربوو
-لە 2006 کرا بە بەپرسی نووسینگەی نووریمالکی
- لەوەی ئێستا سەرکردەیەکی دیاری نێو حیزبی دەعوەیە، پەیوەندیەکی بەھێزی لەگەڵ مەرجەعییەتی باڵای شیعەکان و تەنانەت ئێران و ئەمریکاش ھەیە .
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ