رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق ئاگادارییەک ئاراستەی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەکات و دەڵێت، ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ سوودمەندبوون لە بڕیاری تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە شێوەی نایاسایی هێنراونەتە وڵات.
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق رایگەیاند: "ئەمڕۆ دوایین رۆژی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 102ی ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە تایبەتە بە تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە شێوەیەکی نایاسایی و ناڕێکخراو هێنراونەتە نێو وڵات."
عەقید حەیدەر شاکر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ وەک "دوا دەرفەت" بۆ خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دادەنرێ تاوەکو دۆخی یاسایی ئۆتۆمبێلەکانیان رێکبخەنەوە: "بۆیە داوا لەو هاووڵاتییانە دەکەین بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، بە زووترین کات سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکان."
عەقید حەیدەر گوتی: "لە سبەیەوە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و هەر ئۆتۆمبێلێک لەو جۆرە کە تۆمارنەکرابێت، رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئامانج لە بڕیارەکە رێکخستنەوەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان و چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە بێ رێکارە گومرگییە فەرمییەکان لە ساڵانی رابردوودا هاوردەی عێراق کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ