رووداو دیجیتاڵ
لە موسڵ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی نووری، منارەی حەدبا، کەنیسەی سەیدە تاهیرە و کەنیسەی ساعە و قوتابخانەی ئیخلاس دەستیپێکردووە، هەموو ئەوانە دەکەونە گەڕەکێکی موسڵی کۆن و هەر یەکەیان نزیکەی چەند سەد مەترێک لە یەکدییەوە دوورن، نۆژەنکردنەوەکەیشیان نزیکەی سێ ساڵی دیکە دەخایێنێت.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی یۆنسکۆ 80٪ـی موسڵی کۆن لە شەڕی داعش وێران بووە، بۆیە دەستیان بە کۆمەڵە پڕۆژەیەک کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە شوێنەوارەکانی ئەو بەشەی موسڵ.
کەنیسەی (سەیدە تاهیرە) یەکێکە لە دیارترین کەنیسەکانی موسڵ و عێراق، ئێستا لە قۆناخی نۆژەنکردنەوە دایە، مارک یارد – راوێژکاری نۆژەنکردنەوە لە یونسکۆ لە موسڵ دەڵێت: لە ماوەیەکی نزیکدا دووبارە دەنگی کەنیسە لێرە بەرزدەبێتەوە، ئەگەر ئەو کەنیسانە نۆژەن بکەینەوە، کەمێک ژیان دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەکانی ئێرە."
بە سەدان خانووی کۆنی شوێنەواری لە تەنیشت مزگەوت و کەنیسە وێرانبووەکانە، هەموویان روویەکی وێرانبووی شارەکە پێشان دەدەن، بۆیە 124 خانووش نۆژەندەکرێنەوە و رادەستی خەڵکی موسڵ دەکرێن تاوەکو لەوێ بژین.
دینا مەنار، ئەندازیارێکە و سەرپەرشتیی نۆژەنکردنەوەی خانووەکان دەکات و دەڵێت، ئەو خانووانەی نۆژەندەکرێنەوە، لەسەر بناخەی مێژووی خانووەکان دەبێت، ئێمە کە دەستمان بە نۆژەنکردنەوە کرد، هیچ کەس لێرە نەدەژیا، ئێستا خەڵک گەڕاونەتەوە و هەندێک خێزان لێرە دەژین.
نۆژەنکردنەوەکان 105 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، کە 50 ملیۆن دۆلاری هیی حکومەتی ئیماراتە و 38 ملیۆن دۆلاری یەکێتیی ئەوروپایە و ئەوانەی دیکەش هیی چەند وڵاتێکن.